ئەپیکۆر: بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە داهاتی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلار کەمیکردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکۆر" رایدەگەیەنێت بە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلار کەمیکردووە.

لە ساڵیادی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکۆر" راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاند "بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە داهاتی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلار کەمیکردووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "بڕی قەرزی ئەپیکۆر لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک ملیار دۆلارە کە لە مانگی ئەیلولی 2022 بۆ مانگی ئازاری 2023یە، هەروەها زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر لە هەرێمی کوردستان راگیراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بە رێژەی 60% کەمیکردووە بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆی جێگەی فرۆشی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی گرتووەتەوە".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و جیاوازییەکەی تەنیا لە داهات و نرخی فرۆشتندایە کە بەراورد بە پێشووتر بە رێژەی 60% کەمبووەتەوە و بەو پێیەش ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان 30 بۆ 35 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لە رۆژی 25ی ئازاری 2024 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستاش دەستیپێنەکردووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار