دابەشنەکردنی مووچە کاری فەرمانگەکان رادەگرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بایکۆتی فەرمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازاری 2024 کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی سلێمانی و کارەبا و باج و دادگای سلێمانی و فەرمانگەکانی دادنووس و دەستەبەری کۆمەڵاتی و بەشێک لە فەرمانگە تەندروستییەکان و شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن و چەند فەرمانگەیەکی دیکەی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە.
هەروەها د. حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار بە هاوڵاتی راگەیاند "کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکەمان بایکۆتی دەوامیان کردووە و بڕیاریانداوە تاوەکو مووچە دابەشنەکرێت نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەک ناکرێت لە نەخۆشخانەکە و بینینی نەخۆش راگیراوە و دەرمانیش دابەشناکرێت".
هەر بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بەشێک لە فەرمانگەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە قەزای چەمچەماڵ و فەرمانگەی کارتی نیشتمانی لە چەمچەماڵ بایکۆتی دەوامیان کردووە و داوای دابەشکردنی مووچە دەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوورییەوە خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و چەرمو و راپەڕین و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە بڕیارنداوە تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان نەچنەوە بۆ دەوام.
ئەم بایکۆتە لە کاتێکدایە کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا رایگەیاند، ئامادەنین ئەو پارەیە دابەش بکەن کە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە تا ئەو کاتەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دەگات.
