ڕاوێژکارێکی سودانی: بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بۆ خوار 148 هەزار دینار دابەزی، ڕاوێژکارێکی سودانیش دەڵێت، بەهۆی دروستبونی سەقامگیری ئابوری و سەرکەوتویی سیاسەتی دارایی عێراقەوە، بەهای دۆلار دابەزیوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ سیاسەتی ئابووری رۆڵی گەورەی بینی لە دروستکردنی سەقامگیری لە ئاستی گشتیی بەهای دۆلاردا، لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی دارایی و دراو و بازرگانی کە بووە هۆی راگرتنی هەڵئاواسانی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی و بەهای دۆلار دەستی بە دابەزین کردووە و پێشبینی دابەزینی زیاتری بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەکرێت.

هاوکات جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 148 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا بەڵام  لە کاتی داخستنی بازاڕدا،دابەزینی بەرچاوی بە خۆوە بینی و بەهای دینار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 147 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.

وتەبێژەکەی سودانیش لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بەم نزمبونەوەیەی نرخی دۆلار وتی، " بەشێکی دیکەی دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی گومرکی لە عێراقدا کە بەهای ئاڵوگۆڕ لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کۆنترۆڵکراو و بەرامبەر بە هەر دۆلارێک بۆ هەر کەرستەیەک کە دەهێندرێتە عێراق 1320 دینار دیاریکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پاڵپشتی یەدەگی گەورەی دراوی بیانی دەکرێت، کە یەدەگی دراوی وڵات گەیشتوەتە نزیکەی 111 ملیار دۆلار کە وایکردوە دۆخی دارایی سەقامگیر بێت.

بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری بە کاش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 245 ملیۆن و 545 هەزار و 947 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 7 ملیۆن و 818 هەزار و 920 دۆلاری بەشێوەی کاش و 237 ملیۆن و 727 هەزار و 27 دۆلاریشی بە حەواڵە بووە.

دوێنێ یەکشەممەش 23-4-2024، بەهای 100 بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار