کارمەندانی تەندروستی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە، سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بایكۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند، تەنیا لە بەشەكانی فریاكەوتن و بەشە هەستیارەكان دەوام دەكرێت.

هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،لە شارەکانی خواروی عێراق کارمەندانی تەندروستی پلەیان بەرزدەکرێتەوە و زەوییان پێدەدەرێت، بەڵام کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هەمو مانگێک دەبێت لە دڵەڕاوکێی موچەکانیان بن.

وتیشی: چیتر ناتوانن پشو درێژبن و بەبێ موچە دەوام بکەن، بۆیە بڕیاریان داوە بایکۆتی سەرتاسەری لەسەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی رابگەیەنن، هەتا چارەنوسی موچەکانیان بۆ یەکلادەکرێتەوە و بایکۆتەکەش تەواوى بنکە تەندروستى و نەخۆشخانەکان دەکرێتەوە جگە لە فریاکەوتنى خێراى شارەکە.

هاوژین عوسمان جەختی لەوەشكردەوە، زۆر هەوڵیانداوە نەگەنە ئەو بڕیارە، چونكە تەندروستی سێكتەرێكی هەستیارە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە پاش لێدوانی وەزیری دارایی تێگەیشتن كە تروسكاییەك یاخود بەروارێك بۆ دابەشكردنی مووچە و چارەسەركردنی دۆخی دارایی نییە، بۆیە ناچاربوون لەژێر فشاری ئەندامان و چین و توێژەكانی تەندروستی، بایكۆتی سەرتاسەریی رابگەیەنن.

هیواشیخواست، لە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران كە كۆدەبێتەوە بڕیاربدات لەسەر دابەشكردنی مووچە، چونكە مووچە لە بەغدادەوە گەیشتووە و دەتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانەكەی پڕبكرێتەوە ودابەشبكرێت.

زیاتر لە ٥٤ ڕۆژە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و لە شەش مانگی ڕابردودا تەنها یەک مووچە وەرگیراوە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەی بەغدا ٦٠٨ ملیاری بۆ موچەی مانگی دوو ناردوووە بەڵآم حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشیناکات بە بیانوی نەبونی پارەی پێویست و نەبونی داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کەمهێنانی مووچە.

لە ئێستاشدا جگە لە بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانگەکانی سلێمانییەوە  خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیش دەستیپێکرد و ژمارەیەک مامۆستاش دەستگیرکراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار