بەلجیکا؛ لەدوای ئاهەنگەکانی نەورۆز لە لایەن چەند تورکێکەوە هێرشکرایە سەر ژمارەیەک خێزانی کورد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە ناوچەیەکی نزیک بە شاری "خینک" لە بەلجیکا یەکشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ چەند تورکێکی "ڕەگەزپەرستدوای ئاهەنگی نەورۆز هێرشیان کردە سەر چەند خێزانێکی کورد کە ژمارەیان ٣٠ بۆ ٣٥ کەس دەبوو و لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی برینداربوون، دوای چارەسەرکردن چواریان نێدراونەتەوە بۆ ماڵەوە.

لەمبارەیەوە  ڕۆژنامەنووس  هەندرێن هەورامی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا لە شوێنی ڕوداوەکەوە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکە دوو لەو کەسانەی برینداربوون ناویان، سولەیمان یاقوتی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی سێرکی باکوری کوردستان و ئەوی دیکەشیان ناوی حەمید یاقوت-ە.

ڕوداوەکە یەکشەممە  ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە بەلجیکا ڕویداوە بەو پێیەی لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئەو وڵآتە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕدرا لە دوای ئاهەنگەکانەوە ئەو خێزانە لەلایەن چەند تورکێکی "ڕەگەز پەرستەوە"  هێرشکراوەتە سەریان .

ئەو ڕۆژنامەنوسە باسی لەوەکردوە  لە دوای ئاهەنگەکە ئەو هاوڵاتییە تورکانە دوای ئەو خێزانە کوردانە کەتون ولە شارۆچکەیەکی نزیکی خێنک (ئۆدسن زۆندێڕ) هێرشەکەیان کردووەتە سەریان بە گەمارۆدانیان لە ماڵێکدا و "هەوڵی کوشتنیان"داوە و هەوڵیان داوە ماڵەکە بسوتێنن، دوای ئەوەی هەواڵەکە بڵاوبووەتەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کورد چونە بەرەو پیرییان و بەمشێوەیەش پێکدادان لەنێوان تورک و کوردەکاندا ڕویداوە.

سەبارەت بەو کەسانەشی برینداربوو هەندرێن هەورامی دەڵێت، هاوڵاتییە تورکەکان هێرشیان کردۆتە سەر ئەو پۆلیسانەشی هاتونەتە شوێنی ڕوداوەکە بەوهۆیەوە جگە لە هاوڵاتییە کوردەکان ژمارەیەک پۆلیسی بەلجیکاش برینداربوون و لەناو تورکەکانیشدا بریندار هەیە.

دوای ئەوەشی بریندارە کوردەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنیان لەبەردەم نەخۆشخانەکە ماونەتەوە.

جێگەیباسە لە دوای ڕوداوەکە ئاڵۆزییەکی زۆر لە بەلجیکا ڕویداوەو بەردەوام شەڕوپێکدادان لە نێوان هاوڵاتییانی کوردو تورکدا ڕودەدات، هاوکات خۆپیشاندان لە لایەن هاوڵاتیانی کوردەوە لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامە و داوای دەستبەجێ دەستگیریکردنی ئەو هێرشبەرە "ڕەگەز پەرستانە" کرا.

هاوکات لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی دژ بەم هێرشە سەدان کورد لە ناوچە جیاوازەکانی ئەورووپاوە لەبەردەم پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسل کۆبوونەوە و داوا لە بەرپرسانی بەلجیکا کرا سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردا مسۆگەر بکەن و فشار لە دەوڵەتی تورکیا بکەن ڕێز لە یاسا و یەکسانی بگرێت.

دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی بەلجیکا:

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار