وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: حکومەتی عێراق پارەی ١١ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم قەرزارە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی ساڵێك به‌سه‌ر راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم رایگەیاند، دوای ڕاگرتنی هه‌ناردنی نه‌وت، هه‌رێمی كوردستان کەوتۆتە  ناو قه‌یرانێكی دارایی تونده‌وه‌ "له‌ كاتێكدا پێش راگرتنی هەناردەکردنی ، مانگانه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بێ دوا كه‌وتن ده‌درا".

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە: "لە هەوڵەکانمان بۆ دوبارە هەناردەى نەوتى هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەى هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبون لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردە، تا ئێستا دەستى پێنەکردوەتەوە."

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە نەوتى هەرێم بێ خەرجکردنى بودجە دامەزراوە، بەڵام لە بودجەدا هاوشێوەى ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کە ملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەى گشتى تێچوە و ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، "نه‌وتی هه‌رێم ته‌نها له‌ (10%)ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق پێكده‌هێنا و داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ ته‌نها به‌شێك له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتیی وڵات بو، هه‌ر له‌ دوای ڕاگرتنی هه‌ناردنی نه‌وتی هه‌رێم، هه‌رێمی كوردستانیان خستوه‌ته‌ ناو قه‌یرانێكی دارایی تونده‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێدانی موچه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دواكه‌وتوه‌".

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌شڵێت، "حكومه‌تی هه‌رێم  بڕی زیاتر له‌ 11 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی فیدڕاڵ كرد، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت یه‌ك دیناری وه‌رنه‌گرتوه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانی كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت بداته‌وه‌".

لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا ئەوەش باسکراوە کە  بەمەبەستى چارەسەرى ئەم کێشانە هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم  راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم . 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار