وەزیری بەرگری عێراق: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ تورکیا نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگری عێراق رەتیدەکاتەوە عێراق رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا کردبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە.
سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاند "عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ تورکیا رێککەوتووین کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق خاڵی سفری سەر سنوور بگرێتە دەست، ئەگەر لایەنی تورکیا هەست بە جدی و چالاکیی و کاریگەریی هێزە عێراقییەکان بکات لەسەر سنوور، ئەوا نامێنێتەوە لە عێراق".
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە وتی "پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەبێتە پرسی سەرەکی لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن لە مانگی نیسانی داهاتووی ئەمساڵ".
وتیشی “واشنتۆن بیر لە شێواز و کاتی کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و لەسەر ئەو پرسە دەگەینە خاڵی رێککەوتن”.
