ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم تایبه‌ت به‌موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كۆده‌بێته‌وه‌

4 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كۆبونه‌وه‌كه‌ش بڕیاردان ده‌بێت له‌سه‌ر شێوازی و واده‌ی دابه‌شكردن موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی 2024 فه‌رمانبه‌ران.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە زیاتر لە ٥٣ ڕۆژ بەسەر دوا مووچەدا تێدەپەڕێت کە مووچەخۆران وەریانگرتووە.

بریارە کۆبوونەوەکە کاژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ دەستپێبکات و لە یەکێک لە بڕگەکانیدا دوایین پێشهاتەکان لەبارەی مووچە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییەوە بۆ ئەنجوومەنەکە دەخرێتەڕوو.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئێوارەی دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمدا بێت دەیكات بۆ پاراستنی بەرژوەندی هاوڵاتیان، لە کۆبونەوەی سبەینێ (واته‌ ئه‌مڕۆ)ی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک دەدەن هەمو لایەنێک خۆی بکاتە خاوەنی.

وتیشی، "ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت دەکرێت، بۆ ئەوەی کارێک بکرێت لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و دڵنیایی دەدەنە خەڵکی، کە دەست لە ماف و شایستە دەستورییەکان بەرنادەن".

کارنامەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران:

١- خستنەڕوی دوا پێشهاتەکان سەبارەت بە مووچەی مانگی شوبات

٢- خستنەڕووی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی ڕاکێشانی دۆلار

٣- خستنە ڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان

٤- خستنەڕووی نوسراوی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەبارەی خانەنشینی

جێگەیباسە بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی پێش کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێش کۆبونەوەکەی ئەنجومانی وەزیران لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کۆدەبنەوە ، هاوکات تیمی گۆڕانیش ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووەو و کۆبونەتەوە.

بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام مووچەی بەشێکی مووچەخۆرانی نەناردووە و بەو هۆکارەش تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە رانەگەیێندراوە وەزارەتی دارایی هەرێمیش دەڵێت داوای 949 ملیار و 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار