ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی: تا ئێستا ناوی کاندیدەکانمان پێشکەش نەکردووە

یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە،وگومانیان هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنن ئەنجامەکەی لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە.
دیاری حسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر قەبوڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات، پارتی گومانی هەیە لەوەی گەر زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت ئەنجامەکە لەلایەن دادگاوە ڕەتبکرێتەوە.
دەشڵێت ،"پارتی نایەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردن بکرێت و ئاراستەی هەڵبژاردن بە لاڕێدا ببرێت وەکو ئەوەی لەکەرکوک و موسڵ ڕوویدا."
سبەینێ یەکشەممە،31 ی مانگی 3 ی 2024، وەکو دوا وادە بۆ ڕادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکان بە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دانراوە و ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتیش دەڵێت ، "پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکردووە".
جێگەیباسە ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت.
ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوەو هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت
