بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق: پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت پارتی بەشداری هەڵبژاردن ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات بەشێک لە لایەنەکان کارەکانی تۆمارکردنی کاندیدەکانیان تەواونەکردووە.
فەرهاد ئەسعەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی تۆمارنەکردووە و لیستی کاندیدەکانی نەداوەتە کۆمسیۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت".
لەبارەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد "چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە بڕیارمان لە نووسینگەی نیشتمانییەوە پێ بگات بۆ درێژکردنەوەی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان یاخود کۆتایی هاتنی وادەکە کە ئەمڕۆ کۆتا رۆژە، بەڵام ئێمە تاوەکو 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان".
ئەوەشی خستەڕوو "لە سنووری هەولێر شەش لایەن بە تەواوی ناویان تۆمارکردووە ئەوانیش چوار لایەنی سیاسی و دوو هاوپەیمانییە، ئەوانەشی کارەکانیان تەواو نەکردووە بریتین لە، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی گەل، نەوەی نوێ، گۆڕان و بزووتنەەوەی ئیسلامی و رابیتەی پەیوەندی ئیسلامی"، وتیشی "هەر پارێزگایە و کاندیدی لایەنە سیاسییەکان بە جیا دەبێت".
دەشڵێت "بەپێی ئەو شارەزاییەی هەمانە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەکات ئەوا پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەچێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی باڵا کە سەردانی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق-یان کردووە پێیان وتوین ئەگەر پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات ئەوا هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان ناکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا "ئەو لایەنانەی کە یەکلابووەتەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن بریتین لە، کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتووی ئیسلامی و بەرەی تورکمانی و بەرەی نیشتمانییە".
