تورکیا ڕێگەینەدا کاندیدە سەرکەوتووەکەی دەم پارتی لە شاری وان دەستبەکاربێت

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی دادی تورکیا مافی خۆهەڵبژاردنی لە عەبدوڵا زێدان کاندیدی سەرکەوتوی دەم پارتی سەندەوەو ڕێگەینەدا دەستبەکاربێت لە کاتێکدا ٪٥٥ ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رۆژی یەکشەممە، 31-3-2024، بەڕێوەچوو و تێیدا عەبدوڵڵا زێدان، کاندیدی دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان 55.48 ٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ لە پلەی دووەم عەبدولئاهات ئاڤراس، کاندیدی ئاکپارتی بۆ هەمان پۆست هات و رێژەی 27.15٪ـی دەنگەکانی بردەوە.

سەرەڕای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی گەورە شارەوانی وان کاندیدەکەی دەم پارتی ڕێگەیپێنەدرا دەستبەکاربێت و لە شوێنی ئەودا کاندیدەکەی ئاکپارتی دانرا.

لەم بارەیەوە وتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو مافانەی درابوونە عەبدوڵڵا زێدان دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرا، رۆژی هەینی، 29ـی ئادار، پێنج خولەک پێش کۆتاییهاتنی دەوام وەرگیرانەوە. 

وتیشی ،"داواکاری گشتیی لەسەر بنەمای تانەکەی وەزارەتی داد، جارێکی دیکە دۆسییەکەی رەوانەی دادگا کردووە. دادگاش هەمان رۆژ بڕیارەکەی پێشووتری تایبەت بە پێدانەوەی مافە قەدەغەکراوەکان لە زێدان هەڵوەشاندووەتەوە و مافەکانی لە عەبدوڵڵا زێدان وەرگرتووەتەوە. بڕیارەکە بێ ئەوەی حوکمی کۆتایی وەربگرێت، واتە بەرلەوەی تەمیز بکرێتەوە، راستەوخۆ ئاڕاستەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا کراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا مافی بەربژێربوونی عەبدوڵڵا زێدانی پەسەندکردووە و هیچ لایەنێک تانەی لە بەربژێربوونی ناوبراو نەداوە لەو ماوە یاساییەی لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن بۆ تانەدان لە بەربژێری پارتە سیاسییەکان دیارییکرابوو.

گەورە شارەوانی وان لە 13 شارۆچکە پێکهاتووە و لە سەرجەمیاندا پارتی دەم سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. عەبدوڵڵا زێدان کاندیدی پارتی دەم بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی وان 55٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەردا عەبدوڵڵاهات ئارڤاس کاندیدی ئاک پارتی بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی وان، 27٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار