مووچەخۆرانی زۆنی سەوزو زەرد کلاسیکۆی (هەژماری من)یان دەستپێکرد

8 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

دوای زیاتر لەیەک مانگ بەسەر دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەناردنی موچەو شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا ئەم پرسە بەتەواوی چارەسەرنەکراوەو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دوو رای تەواو جیاوازیان هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق پێیوایە دەبێت مووچەی فەرمانبەران لەبانکە حکومییەکانەوە «تەوتین»بکرێت و هەرچی حکومەتی هەرێمیشە پێی وایە کەدەبێت مووچە لەڕێی هەژماری منەوەو لەڕێی (هەژماری من)ەوە دابەش بکرێت.

دوابەدوای ئەم بڕیارو پێداگرییەی حکومەتی هەرێمیش فەرمانبەران بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش بوون و لەزۆربەی ناوچەکانی زۆنی سەوزو بەتایبەتیش لەشاری سلێمانی فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆران کەمپینێکی یەک هەفتەییان لەدژی «هەژماری من» راگەیاند و دەستیان کرد بەکۆکردنەوەی ئیمزا لەدژی ئەم «هەژمارە» و لەئێستاشدا کۆمەڵێک مامۆستاو فەرمانبەری زۆنی زەرد بەنیازن کەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» رابگەیەنن .

هەر سەبارەت بەم بابەتە مامۆستا «دڵشاد موحەمەد» لەدەستەی داکۆکی مامۆستایان بەهاوڵاتی ووت:»ئێمە هەموو هەنگاوێکی مەدەنیمان پێ باشە بەڵام بەمەرجێک بەدوور بێت لەفشاری لایەنەکان، هەرچەندە بە بڕوای ئێمە ئەوان لەمونافسەی ئێمەدا هەستاون بەو کارەو دڵنیام خەڵک بەو کەمپینە رازی نابێت، یان ناتوانن رێژەیەکی بەرچاو واژوو کۆبکەنەوە گەر بێتوو بە راست و دروستی کەمپینەکەیان بەڕێوەبەرن».

لەبارەی ئاخۆ لایەنێکی دیاریکراو هانی ئەو کەسانەی دابێت بۆ راگەیاندنی ئەو کەمپینی پشتگیرییە، ئەم مامۆستایە وتی:»بەتەئکید داوایان لێکراوە ، چونکە ئەو کەسانە هەمویان کادێری دیاری حزبێکن و کادێری حزبی هەستاون بەو کارە».

ئەم مامۆستایە پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دەبێتە کلاسیکۆیەکی تووندو هەریەکەو هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ سەرخستنی داواکەی.

«بیگومان هەر دەبێتە کلاسیکۆ بەڵام گرنگ ئەوەیە بە رۆحێکی وەرزشییەوە وەریبگرین» مامۆستا دڵشاد وا دەڵێت.

سەبارەت بەبردنی کەمپینی «نەخێر بۆ هەژماری من « بۆ ناوچەکانی هەولێرو دهۆک مامۆستا دڵشاد بە «هاوڵاتی» وت:» ئەگەر بۆمان بکرێت و ئازاد بین زۆر ئاساییە بیبەین ، بەڵام ئایا ئازادی ئەوەمان هەیە؟».

هەر لەبارەی کەمپینی «بەڵێ بۆ هەژماری من» لەلایەن خۆیەوە مامۆستا»ئاوات ئازاد» لەدەستەی داکۆکیکاری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند:» پارتی دیموکراتی کوردستان بەو هەموو پارەو ئیمکانییەتە زۆرەوە، بەمەبەستی پشتگیری کردنی هەژمارەکەی کۆمەڵێک مامۆستای راسپاردووە بۆ دروستکردنی کەمپینێک بەناوی «بەڵێ بۆ هەژماری من»، واتە حزبێکی 78 ساڵە بەهەموو ئیمکانییەت و توانایەکییەوە هاتووە کلاسیکۆیەکی ئەنجام داوە بۆ چەسپاندنی ئیرادەی خۆی لەڕێی «هەژماری منەوە» کەجۆرێکی ترە لەدزیکردن لەگیرفانی هاووڵاتییان».

بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بەکەمپینی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەهەولێر، « هاوڵاتی» پەیوەندی کرد بەمامۆستا «ئالان عەلی» لەکەمپینی بەڵێ بۆ «هەژماری من» و وتی» ئێمە لەدژی کەس ئەم کەمپینەمان رانەگەیاندووەو بەدژایەتیش وەریناگرین، ئێمە تەنها ئەو حاڵەتەی لەسلێمانی و ناوچەکانی تردا هەیە بەنەبوونی زانیاری راست و دروست سەبارەت بە «هەژماری من» دەزانین و لەبەرئەوەی ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستا گرفتی هەڵبژاردن و ماوەیەکی تر ئەکەوینە ناو بانگەشەو هەر کەسەو بەلایەنێک و هەرکەسە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا بەکاری دەهێنێت».

سەبارەت بەسوودەکانی «هەژماری من» ئەم مامۆستایە وتی:» ئەم «هەژماری منە» بابەتێکە کەقازانجی هەموومانی تیایە، بۆ نموونە هەژماری من رێگری لەدوو مووچەیی دەکات، رێگری لەگەندەڵی دەکات، بڕی مووچەکەت لەناو کارتێکی بانکیدایەو پێویست ناکات هەموو پارەکەت لەگیرفاندا بێت و لەکاتی پێویست ئەو بڕە پارەیەی پێویستتە رایدەکێشیت».

ئەم مامۆستایە رەتیدەکاتەوە کە لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هاندرابن بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینە .

«ئێمە کۆمەڵێک مامۆستاین لەلایەن هیچ پارت و لایەنێکی سیاسییەوە هان نەدراوین بۆ راگەیاندنی ئەم کەمپینەو ئێمە دەمانەوێ لەدەرگای هەموو حزب و لایەن و کەسایەتییەک بدەین بۆ ئەوەی ئەم بابەتە ببێتە بابەتێکی نیشتمانی» مامۆستا ئالان وا دەڵێت.

هەروەها ئەم مامۆستایە وتی:» ئێمە تەنها لەسەر بابەتی پشتگیری بۆ هەژماری من کارناکەین بەڵکو بەنیازین لەگەڵ حکومەتی هەرێمیش سەبارەت بەپلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ عێراق و پرسی مامۆستایانی وانەبێژ دابنیشین، هەروەک چۆن بەنیازین بۆ راگەیاندنی کەمپینەکەمان لەگەڵ کاربەدەستانی هەولێر دابنیشین».

سەبارەت بەدەسپێکی کەمپینەکەش ئەم مامۆستایە بە «هاوڵاتی» وت:» هێشتا گفتۆگۆی لەسەر دەکەین و لەداهاتوویەکی نزیکدا کەمپینەکە رادەگەیەنین».

سەبارەت بەگواستنەوەی کەمپینەکەیان لەشاری هەولێرەوە بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان ئەم مامۆستایە رایگەیاند:»بەڵێ بەنیازین ئەم کەمپینە لەڕێی نوێنەرەکانمان بەرینە شارەکانی دیکەی هەرێم و تا بەو جۆرە زۆرترین رێژەی خەڵک بەشداری تێدا بکات لەناوچەکانی هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک تا بەو جۆرە هۆشیارکردنەوەیەک بێت بۆیان، چونکە بەداخەوە ساتی راگەیاندنی «هەژماری من» لە ساتێکی خراپدا بوو و گەر لەکاتێکی تردا بوایە بەدڵنیاییەوە سەرجەم چین و تووێژەکان رازی دەبوون لەسەری، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی وەک بانگەشەو کۆکردنەوەی دەنگی هەڵبژاردن تۆزێ کێشەی بۆ دروست بووە».

سەبارەت بەئەگەری رەتکردنەوەی «هەژماری من» لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بەغدادەوە وتی:»ئەم بابەتە وەک بابەتێکی سیاسی لێهاتووەو تائێستاش یەکلانەبووەتەوە کەئاخۆ حکومەتی بەغداد قبوڵی دەکات یان خود نا و ئێمە دەبێت بەتەواوی کار لەسەر ئەوە بکەین کەهەم خەڵک و هەم لایەنەکانی تر قەناعەتیان پێبێنین کەئەم هەژمارە لەقازانجی هەموومانە».

مامۆستا «ئالان» پێی وایە کەئەم دوو کەمپینە دژ بەیەکە نابێتە کلاسیکۆیەک و بە «هاوڵاتی»وت:» لەزۆنی سەوزیشدا ئێمە خەڵکمان لەگەڵدایە، نامانەوێ بیخەینە ئەو قاڵبەوەو پێویستە چ رای رازی و چ رای دژ پێکەوە گفتۆگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن».

لەبارەی ئاخۆ بۆچی پێشتر بیر لە راگەیاندنی ئەم کەمپینە نەکراوەتەوەو تەنها دوای راگەیاندنی کەمپینەکەی مامۆستاو فەرمانبەرانی سلێمانی، زۆنی زەرد بەنیازی راگەیاندنی کەمپینێکی بەم جۆرەیە ئەم مامۆستایە وتی:»ئێمە دەمێکە ئەم بڕیارەمان دابوو بەڵام لەبەرئەوەی بەنیازین زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە پەلەمان نەکرد تا بەو جۆرە کەمپینەکەمان سەرکەوتوو بێت».


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار