کرێکاران بێدەنگن بەرامبەر کەمتەرخەمیی خاوەنکارەکان و سکاڵایان لەسەر تۆمار ناکەن

4 هەفتە لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد

 

لەهەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەکان گیانلەدەستدەدەن و بریندارو کەمئەندام دەبن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن»، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەدات کە حکومەت بەپێی پێویست چاودێری لایەنی سەلامەتی پرۆژەکان ناکات، هەروەها وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باس لەبێدەنگی کرێکاران دەکات بەرامبەر بەکەمتەرخەمی خاوەنکارەکان.

چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «پابەندنەبوونی کرێکاران بەسەلامەتی کارەوە رێژەیەکی کەمە، بەڵام خاوەنکارەکان بەڕێژەیەکی زۆر پابەندنین بەدابینکردنی پێدوایستی سەلامەتی کرێکاران، ئەگەر دابینیشی بکەن پابەندین بەچۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستەکانی سەلامەتی».

ئاماژەی بەوەکرد «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن، هەروەها پێویستە هەموو پرۆژەیەک بەرپرسێکی شارەزا هەبێت سەرپەرشتی لایەنی سەلامەتی بکات لەناو پرۆژەکان کە ئەمە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەپرۆژەکاندا جێبەجێ دەکرێت».

ئەوەشی خستەڕوو «ئەو پابەندنەبوونەی پرۆژەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران».

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان روونیشیکردەوە «هۆکارێکی دیکەی ئەو رووداوانە ئەوەیە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات، هەروەها پارێزگاریکردن لە کرێکاران و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کەتێچووی زۆری دەوێت خاوەنکار بەکاریان ناهێنێت».

چالاک رەئوف ئاشکراشیکرد، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لەپرۆژەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن کە سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبێت چاودێری لایەنی سەلامەتی کرێکاران بکات لەپرۆژەکان کە لەیاسای کاردا هاتووە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە کە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم هەن بەدواداچوونەکانیان زۆر زۆر کەمە یان هەر نییە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە.

هەر لەسەر هەمان پرس هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی وت «رەوشی کرێکاران لەهەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە حکومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کاری پرۆژەکان دەبێت و کرێکاران کەمتر کاریان دەبێت و دۆخ و گوزەرانیان خراپتردەبێت».

سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێوایە ئەرکی خاوەنکارە کە بۆ هەر کارێک رێنمایی کرێکار بکات بۆ ئەوەی بەسەلامەتی کارەکەی بکات، هەروەها وتی «لایەنێکی دیکەی سەلامەتی کرێکار وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەبەشی سەلامەتی و پیشەیی بەس بەناو هەیە هیچ لیژنەیەکی چاودێری سەلامەتی و پیشەیی نییە».

وتیشی «بەپێی یاسا بێت نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بداتە کرێکار تاوەکو رێنمایی پێویستی پێنەدات لەسەر ئەنجامدانی کارەکە».

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن».

ئەوەشی وت «لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە».

وتیشی «لایەنی تەندروستی و سەلامەتی لەهەرێمی کوردستان تەنها لە ١٪ی بۆ تەرخانکراوە کە لەعێراق بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ دابینکراوە ئەمەش کەمییەکە کەهەیە، بەڵام ئێمە لیژنەی پشکنینمان هەیە کە دەوری تەندروستی و سەلامەتی دەبینن و هەر پرۆژەیەک لە لایەنی سەلامەتی کەمتەرخەم بێت خاوەنکارەکە سزادەدرێت یان کرێکارەکە بانگ دەکەن».

وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنێکی دیکەو ئاماژەی بەوەدا «کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان و زۆرکاتیش لەدادگا کاتێک بابەتەکە یەکلادەبێتەوە دەبینین کرێکارەکە کەمتەرخەم بووە».

ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت «ئێمە هێڵی گەرمان هەیە هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت».

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە.

هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار).

وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان.

یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار