خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه نه‌چوو)
8 مانگ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا هاورێ و نوسه‌ر کاک سالار ڕه‌شید کتێبی (ئه‌و کاروانه‌ی بۆ هه‌واری ئێمه نه‌چوو) به‌دیاری بۆ ناردم، که بریتییه له بیره‌وه‌رییه‌کانی نوسه‌ر، نزیکه‌ی شه‌ش سه‌د لاپه‌ڕه‌یه، دوو له سێی کتێبه‌که یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆیه‌تی و سێیه‌کیشی ته‌رخانه بۆ یادداشته‌کانی هاورێیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی و چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک.
کتێبه‌که به یاده‌ورییه‌کانی مناڵی و گه‌ڕه‌که‌که‌یان له که‌رکوک ده‌ستپێ ده‌کات، تا ده‌گاته مێرد مناڵی و سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و تێکه‌ڵبوونی به دونیای خوێندنه‌وه و بیر و ئینجاش نێو رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان (کۆڕه‌ک)، که ئه‌وسا گه‌وره‌ترین و کاریگه‌رترین رێکخراوی سیاسیی باشوری کوردستان بووه و بڕبڕه‌ی پشت و دینه‌مۆی یه‌کێتی نیشتمانی بووه. ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانی جوانتر و بابه‌تیتر کردوه، پێڕست بۆ ناونیشانی بابه‌ته‌کان و هه‌روه‌ها نوکته و قسه‌ی خۆشی نێوان بابه‌ته جدی و تراژیدییه‌کانه.
نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کان بۆ مرۆڤێک که خۆی له نێو مه‌یدان و چه‌قی ململانێ و ڕووداو و کێشه‌کاندا بوو بێت پێویستییه‌کی ژیاریی و مێژوویی و ئه‌ده‌بییه، جگه له‌وه‌ش ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه، هاوکات به‌سه‌رکردنه‌وه و ئه‌مه‌ک و وه‌فایه‌کیشه بۆ گیان و یاده‌وه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و رێگا و رێبازه‌دا بوونه‌ته قوربانی. بۆیه من ده‌ستخۆشییه‌کی زۆر له کاک سالار ده‌که‌م بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره.
چه‌قی باسه‌کان ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تا و ناوه‌راستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوه، بابه‌ت ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه له نێو شاری که‌رکوک، ڕووداو و چالاکی و کێشمه‌کێشمه‌کانی نێو باڵه‌کانی رێکخراوه‌که‌یه. باسی سه‌رجه‌م یان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و گه‌نجه تێکۆشه‌ر و دڵ‌پڕ و ئازا و به‌جه‌رگانه‌ی نێو که‌رکوک و ده‌وروبه‌رین، که گیانیان خستبووه سه‌ر له‌پی ده‌ستیان و له نێو ئه‌و (کاروانه)دا بوون به‌ره‌و ئه‌و (هه‌واره)ی ئامانجیان بوو، به هه‌موو تین و توانا و وزه و بڕستی خۆیان خه‌باتیان بۆ ده‌کرد و به گژ ئه‌ژدیهای به‌عس دا ده‌چوونه‌وه. به کورتی چیرۆکی خوێن و خه‌باتی نهێنی کۆمه‌ڵێک کوڕ و کچی گه‌نجی دڵ‌پڕ له هیوا، چالاکی و چاونه‌ترسی، ترس و دڵه‌ڕاوکه، گیران و زیندانی و ئه‌شکه‌نجه، شه‌هیدبوون و زه‌حمه‌ت، بێ مورادی و نائومێدبوون و وازهێنان، ناپاکی و خۆنه‌گری هه‌ندێک، کێشمه‌کێشمی حزبایه‌تی.
کتێبه‌که به زمانێکی کوردی پاراو نوسراوه، نوسه‌ر خۆی نه‌کردۆته قاره‌مان و فریشته و له هه‌ندێک جێگاشدا دانی ناوه به هه‌ڵه و که‌موکوڕییه‌کانیدا، ئه‌وه‌ش باشه که هه‌ر پشتی به یادگه‌ی خۆی نه‌به‌ستوه، به‌ڵکو داوای له هاورێ و هاوخه‌باته‌کانیشی کردوه، که وه‌ک شایه‌تحاڵێک یاداشتی ئه‌و ساڵانه‌ی خۆیانی به کورتی بۆ بنێرن، یان دواندونی و سه‌رجه‌میانی لێره‌دا بڵاوکردۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی چێژی زیاتری پێم‌دا ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێت، که زۆر له جێگا و ده‌ڤه‌ره‌کانی باسی کردوه نزیکی زێد و ناوچه‌که‌ی منن (گه‌رمیان)، هه‌روه‌ها باسی له هه‌ندێک هاورێم کردوه، که ساڵانێکه ئاشنای که‌سایه‌تی و بیرکردنهوهیانم، وه‌ک فازڵ عوسمان و عه‌لی سیاسی و هیتر، جگه له‌وه‌ی تێیدا باس له مامم (وریا ئاخجه‌له‌ری) کراوه، که پێشمه‌رگه‌ی دانه‌بڕاو و دێرینی ناوچه‌ی گه‌رمیانه و له سنوری تیپی ١٢ی که‌رکوک و ٢٥ خاڵخاڵاندا لێپرسراوێتی جۆراوجۆری هه‌بووه. دواتر ئه‌و سه‌روه‌ختانه‌ی باسی ده‌کات، به‌تایبه‌ت ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان سه‌ره‌تای گه‌نجێتی و ئاشنا بوونی من بوو به جیهانی خوێندنه‌وه و سیاسه‌ت، به هۆی ماممه‌وه که کادر بوو له ناوچه‌ی ئاغجه‌له‌ر و قڵاسێوکه، زۆر جاران سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌و بارهگاکانیانم کردوه، ئێمه ماڵمان له ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر بوو، هه‌ره‌وه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی باوکیشم له‌و کاته‌دا له ڕێکخستنه‌کانی هه‌مان حزب کاری ده‌کرد، ماڵمان وه‌ک مه‌کۆی رێکخستن و کۆبوونه‌وه‌ی شانه‌کان وابوو، جاری واش بوو، پاش چالاکی پێشمه‌رگانه، که ده‌هاتنه ناو شارۆچکه‌که و ده‌ستیان ده‌وه‌شاند، یان تۆپبارانی داموده‌زگاکانی به‌عسیان ده‌کرد، باوکم داوای له‌من ده‌کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌تم خۆش بوو، تا ڕاپۆرتی ئه‌نجامی چالاکییه‌کانیان و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر وره و مه‌عنه‌وییاتی خه‌ڵک و دانیشتوانه‌که‌ی بۆ بنوسمه‌وه، تا له رێگه‌ی خۆیه‌وه بینێرێت بۆ ڕێکخراو، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و زانیاری ته‌واو له‌سه‌ری.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام که‌سایه‌تی ئه‌سعه‌د سۆفی (شێخ دارا) یه، که ده‌کرێت ژیان و سه‌ربورده‌ی بکرێت به ڕۆمان یان فیلم، ناوبراو له ساڵانی کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا گه‌نجێکی که‌رکوکی زۆر بوێر و زیره‌ک و وریا و خوێندکاری زانکۆ بووه، به‌رپرسی پۆلێکی چالاکیی سه‌ربازیی (ئیغتیالات)ی کۆمه‌ڵه‌یه له نێو شاره‌که‌دا، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت خۆی ڕاسته‌و خۆ جا وه‌ک سه‌رپه‌رشتیار بێت یان بکه‌ر به‌شداریی کۆمه‌ڵێک چالاکی کاریگه‌ر و جۆریی (نه‌وعی) له شاری که‌رکوک و سلێمانی کردوه، که تێیدا چه‌ندان به‌عسی و به‌کرێگیراوی پله‌دار به‌سزا گه‌یه‌نراون. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێکیان به ناوی (عه‌لی مغاویر) ده‌گیرێت و بێ هیچ ئه‌شکه‌نجه و فشارێکی وا، ناپاکی ده‌کات، ناوی هه‌رچی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه هه‌یه به ورده‌کاریی و پێکهاته‌ی پۆل و شانهکانییانهوه بۆ هه‌واڵگریی به‌عس له که‌رکوک ئاشکرا ده‌کات، تا گیانی خۆی ڕزگار بکات. ئیتر ده‌یان کادر و ئه‌ندامی ڕێکخستنه‌کانی کۆمیته‌که‌یان (ئاگری سور) ده‌گیرێن. گه‌وره‌ترین زه‌بری گورچکبڕ به‌ر رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه ده‌که‌وێت له شاره‌که‌دا، به‌مه‌ش کۆمیته‌ی ئاگر له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێت، چالاکترین و ئازاترین ئه‌ندامه‌کانی له‌سێداره ده‌درێن یان بێسه‌روشوێن و زیندانی ده‌کرێن.
ئه‌سعه‌د دوای گیرانی له سه‌ره‌تا و له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی قورس‌دا ناوی دوو له هاوڕێکانی ده‌درکێنێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه قوڕوقه‌پی لێ ده‌کات و ناوی ئه‌و ده‌یان ئه‌ندام و کادرانه‌ی تر ناهێنێت و به نهێنی ده‌هێڵێته‌وه، به‌مه‌ش گیانیان ده‌پارێزێت، هه‌رچه‌نده بڕیاری له سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت، به‌ڵام به شایه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان کردوه، یه‌کێکیش له‌وان نوسه‌ری کتێبه‌که کاک سالاره، ناوبراو به گیانێکی به‌رز و وره‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه، تا ئه‌و کاته‌ی له سێداره ده‌درێت، ناڕوخێت و هیوای به تێکۆشان و خه‌بات به‌رده‌وامه، ته‌نانه‌ت له گاڵته‌و قسه‌ی خۆشیش ناکه‌وێت، له هه‌مووی سه‌رنجڕاکێشتر دان به هه‌ڵه‌ی خۆیدا ده‌نێت و ئاماده‌ی سزای مه‌رگیشه بۆ خۆی. نوسه‌ر ده‌یگڕێته‌وه، کاتێک له ته‌موزی ١٩٨٣دا له زیندانی موسڵ سه‌ردانی ده‌کات، ئه‌سعه‌د پێی ده‌ڵێت: ئیعتیرافم له‌سه‌ر دوو که‌س له هاورێیانم کردوه، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک هات و له زیندان ئازاد کرام، کۆمه‌ڵه له‌سه‌ر ئه‌وه رمیم نه‌کات، ئه‌وا من به رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی نازانم!! ل٢٩٨. من لێره‌وه له یه‌کێتی نیشتمانی به تایبه‌ت له کۆنه هاورێ و هاوخه‌باته‌کانی له نێو ئه‌و حزبه‌دا، ده‌پرسم، ئایا ئه‌م مرۆڤه شایه‌نی په‌یکه‌ری زێرین نییه، له نێو جه‌رگه‌ی که‌رکوکدا بۆی دروست بکرێت؟ ئاخر ئه‌م قاره‌مانه هیچی له شه‌هید (ئاسۆی ده‌لاک) که‌متر نییه.
کاک سالار شیکردنه‌وه‌یه‌کی بابه‌تی و جوانی بۆ هه‌ڵه و که‌موکوڕییه‌کانی رێکخستنه‌کانی ناو که‌رکوک کردوه، که بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه‌یان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌و ڕۆڵه‌ی ناوبراویش گێڕاویه‌تی له دووباره دروستکردنه‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کان مایه‌ی ده‌ستخۆشییه. به‌ڵام بیرمان نه‌چێت هه‌میشه دوای شکست و نسکۆ ڕه‌خنه‌گرتن ئاسانه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئایا کاک سالار، یان شانه و که‌رته‌که‌یان پێش ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه دڵته‌زێنانه، وه‌ک هه‌ڵسوڕاو و کادرێکی مه‌یدانی ڕێکخراوه‌که هه‌ستیان به‌و مه‌ترسی هه‌ڵانه کردبوو؟ بۆ نمونه ئه‌و تێکه‌ولێکه‌ی شانه و پۆله‌کان له بواری سه‌ربازی و ڕێکخراوه‌ییدا، گه‌ر به‌ڵێ، ئایا خۆی و هاورێکانی سه‌روی خۆیان به فه‌رمی له‌و هه‌ڵانه ئاگادار کردوه‌ته‌وه؟؟
له لا ٤٠١دا باس له به‌ڕێوه‌چوون کۆنفرانسی دووه‌می کۆمه‌ڵه ده‌کات و ده‌ڵێت، که سکرتێری کۆمه‌ڵه نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی بڵاوکراوه‌ی (هه‌ڵوێست)یان لا گیراوه، گوتویه‌تی (بیانبه‌نه ده‌ره‌وه و ڕه‌میان بکه‌ن!)، ئه‌مه‌شی له کتێبێکی تر وه‌رگرتوه، که نوسه‌ره‌که‌ی یه‌کێک بووه له‌و تۆمه‌تبارانه، واته بێلایه‌ن نه‌بووه له ململانێکه‌دا، سه‌یره کاک سالار خۆی له کۆنفرانسه‌که‌دا بووه، که‌چی وته‌ی یه‌کێکی تری لایه‌نگر نه‌ک بێلایه‌نی کردوه به به‌ڵگه‌ی ئه‌و قسه‌یه، که هیچ لۆژیکێک قبوڵ ناکات، له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنفرانسێکدا، سکرتێری حزبه‌که بێت و قسه‌ی وا بکات! ئه‌وی یادداشته‌کانی م. پشکۆ و هه‌ڤاڵ کوێستانی خوێندبێته‌وه که تا ڕاده‌یه‌ک به‌وردی ڕووداوه‌کانی نێو کۆنفرانسه‌که‌یان تۆمار کردوه، شتی وای به‌رچاو ناکه‌وێت. بۆیه به‌ڕای من ئه‌م قسه‌یه دووره له ڕاستییه‌وه.
له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه دووباره‌بوونه‌وه به وشه و ده‌بڕین له هه‌ندێک شوێن له نێوان یاداوه‌رییه‌کانی کاک سالار نوسیویه‌تی و له‌گه‌ڵ یادداشته‌کانی هاوڕێکانیدا، که تێیدا ده‌قه‌کانیان بڵاوکراوه‌ته‌وه، به‌دی ده‌کرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کیشی له پاشکۆدا بڵاوکردونه‌ته‌وه، به‌ڵام چونکه کوالیتییان چاک نییه، باش ناخوێنرێنه‌وه. پاشان ته‌نها یه‌ک وێنه‌ی خۆی و دوو هاوڕێی له پاشکۆدا بڵاوکردۆته‌وه، ده‌کرا نوسه‌ر هه‌وڵی زیاتری بدایه و هه‌ندێک وێنه‌ی شه‌هید و زیندوه‌کانی تری، که هاوخه‌بات و هاوڕێی بوون و له کتێبه‌که‌دا ناویان هاتوه په‌یدا بکات و بڵاوبکاته‌وه. ڕاسته وه‌ک له پێشتردا وتمان زمانی نوسینه‌که‌ی به گشتی ڕه‌وانه، به‌ڵام له هه‌ندێک ده‌ربڕین و ڕسته‌دا مرۆڤ هه‌ست ده‌کات، که هێشتا شێوازی ڕاگه‌یاندن و ئه‌ده‌بیاتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێوه دیاره، بۆ نمونه: نه‌زه‌ری خۆی به‌و جۆره به‌یان کرد... ل١٦٩، ته‌بلیغ و ته‌رویج و سازمانده‌هی ... ل٣٧٠، تهکسیرکردنی به‌یاننامه، ته‌بلیغاتی ته‌سلیمخوازانه ... ل ٣٨٣.
باسی ورده‌کاریی ناپێویست وایکردوه له هه‌ندێک جێگه‌دا بابه‌ته‌کان درێژببنه‌وه، له هه‌ندێک شوێن پێویست بوو زیاتری له‌باره‌وه بنوسرێت، که‌چی به‌کورتی پێیدا گوزه‌ری کردوه، بۆ نمونه شه‌هید مه‌لا محێێهدین، که کادرێکی چالاک و کارا بووه، ڕۆڵی که‌م باسکراوه، یان باس له‌وه ناکات، چۆن (عه‌لی مغاویر) پاش ئه‌و ناپاکییه‌ی کردویه‌تی، ته‌نانه‌ت ده دوانزه ساڵ دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ر ماوه و زیندوبووه، تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ٢٠٠٣ ئینجا به سزای ڕه‌وای خۆی (مه‌رگ) ده‌گه‌یه‌نرێت!
بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی قوربانییان به گیانی خۆیان داوه له زۆربه‌ی شوێنه‌کان به (شه‌هید) ناوزه‌دی کردون، که به‌ڕای من له ڕووی که‌لتوری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کورده‌وه باشترین وشه‌یه، که‌چی له هه‌ندێک جێگه‌دا ده‌ڵێت (کوژران) ل٤٣٣، یان ده‌ڵێت (گیانیان به خشی) ل٣٨٥. بۆ نوسه‌رێک که ئایدۆلۆجییه‌کی دیاریکراوی هه‌بێت، باشتره، یه‌ک زاراوه‌ی په‌سه‌ند لای خۆی، به‌کار ببات.
نوسه‌ر ڕه‌خنه‌ی توند له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به گشتی و کۆمه‌ڵه به تایبه‌تی ده‌گرێت، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی ئه‌م و زۆر له هاورێکانی له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکاندا ده‌ست له خه‌بات و رێکخستن بکێشنه‌وه. وه ئه‌وان به هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌وه ده‌زانێیت، که (کاروانه‌که)یان نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و (هه‌وار)هی که ئه‌مان به دڵ و به‌گیان قوربانییان بۆی داوه و خه‌باتیان له پێناودا کردوه، دیاره ئه‌مه به‌شێکی زۆری ڕاسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بوو باس کرابا، ئێ خۆ هه‌ر شۆڕش و جوڵانه‌وه‌ی کورد نه‌بووه، که ئاکامه‌که‌ی (گاڵ)ی هێناوه، زۆربه‌ی زۆری، گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئه‌و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشانه‌ی، لای که‌می له رۆژهه‌ڵاتی دوور و ناوه‌ڕاست و نزیکدا، به‌رپا کراون، سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان، واته نه‌گه‌یشتون به‌و (هه‌وار)هی، که کاتی خه‌بات دروشم و ئامانجیان بووه، هه‌رچه‌نده سه‌رکه‌وتن خۆی شتێکی ڕێژه‌یییه، به‌ڵام، به وردبوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخی دوای سه‌رکه‌وتنی قۆناغه‌که و ئه‌نجامه‌که‌یدا ده‌زانین، زۆربه‌یان ره‌نگه که‌متر له نیوه‌ی ئامانجه‌کانیان به‌دیهێنابێت، ئه‌مه سه‌رجه‌م ئه‌و شۆڕشانه‌ش ده‌گرێته‌وه که بیری کۆمۆنیزم پاشخانی فیکری و مۆتیڤیان بووه.
به‌ختیار عه‌لی له ل٤٢٧ رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)دا ده‌نوسێت ((نیشتمان له کچێک ده‌چێت، دێوێکی زل و ناشرین ڕفاندبێتی و جوانی ژاکاندبێت، سوارچاکێکیش هاتبێت ڕزگاریبکات، به‌ڵام شه‌هوه‌تی ئه‌و سوارچاکه بۆ لاقه‌کردن و ئه‌تککردنی ئه‌و کچه که‌متر نییه له شه‌هوه‌تی دێوه‌کان)). به‌داخه‌وه ئه‌مه لای که‌می بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تایبه‌تیتریش بۆ باشوری کوردستان رێک وا که‌وتۆته‌وه! به کورتی کاک سالار نه‌یتوانیوه، وه‌ک نمونه‌یه‌کی مادیی مێژوویی ته‌نها وڵاتێکمان بۆ بنوسێت، که کاروانه‌که‌یان ڕێبواره‌کانی گه‌یاندبێته هه‌واره‌که‌یان، که ئامانجیان بووه. بۆیه لام وایه گرفته‌که له ئاستی مه‌عریفی و ڕۆشه‌نبیریی گهلهکهشدایه، نه‌ک هه‌ر سه‌رکرده و ڕێبه‌ره‌کان.
ئه‌م کتێبه شایانی خوێندنه‌وه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی وێڵی خه‌باتی رۆژانی سه‌خت و مێژووی تێکۆشانی که‌رکوکن. دووباره ده‌ستخۆشی له کاک سالار ره‌شید ده‌که‌م بۆ نوسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه گرنگه و سوپاس بۆ دیارییه‌که‌یان.
سه‌رچاوه:
- ئه‌و كــــاروانهیبۆ هه‌واری ئیمه نه‌چوو، ده‌رباره‌ی چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌كی نادیار له مێژووی ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه له شاری كه‌ركوك، یاده‌وه‌ری سالار رشید، چاپخانه‌ی تاران، چاپی یه‌كه‌م 2020