ڕەحمێک بە مەسیحیەکان 

2 كاتژمێر لەمەوپێش



مەریوان نەقشبەندی

ساڵانێکە مەسیحیەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر وڵاتی ئاسیا و ئەفریقیا دەچەوسێنرێنەوە و بەپێی ڕاپۆرتی هەندێ لەڕێکخراوە مەسیحیەکان، ئێستا زیاتر لە 200ملیۆن مەسیحی لەجیهاندا ڕوبەڕوی هەڕەشەی کوشتن و دەرکردن و جیاکاری و زەوتکردنی مافەکانیان دەبنەوە،یەکێک لەو ناوچانەی جیهانیش کە ڕۆژبەڕۆژ و لەهەندێ شوێنیش بە بەرنامە،مەسیحیەکانی تێدا بەتاڵ دەکرێتەوە و ناچار بەڕاگواستن دەکرێن.

تەنها لەم 20ساڵەی ڕابردودا زیاتر لەیەک ملیۆن مەسیحی لەعیراقدا ناچارکراون ماڵ و موڵکیان بەجێبێڵن و کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و ئوسترالیا،میلیشیا عیراقیەکان و خەڵکی دەستڕۆیشتوی ئەم وڵاتە لەم 20ساڵەی رابردودا بەشێکی زۆر لەماڵ و موڵکی مەسیحیەکانی عیراقیان داگیرکردوە و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێدەکەن ئەگەر داوای موڵکەکانیان بکەنەوە،ئەوە جگە لەدەیان کردەوەی تیرۆرستی هاوشێوەی هێرشە تیرۆرستیەکەی سەر کەنیسەی (سيدة النجاة)ی ساڵی 2010ی بەغدا کەسەرەتایەک بو بۆ کۆچی بەکۆمەڵی مەسیحیەکانی عیراق بەرەو هەرێمی کوردستان و ئینجا بۆ دەرەوەی وڵات.

ئینجا داگیرکاری و زوڵم و تیرۆری خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)لەدەشتی نەینەوا و شێواندنی کەنیسە و شارستانیەت و شوێنەواری مەسیحیەکانی لەو ناوچانە بەدواداهات،کە خۆشبەختانە پێشمەرگەی کوردستان توانی بەشێکی زۆر لەناوچەکانیان لەو تیرۆرستانە بۆ مەسیحیەکان وەرگرێتەوە و خاچی سەر کەنیسەکانی گەڕاندەوە سەر کەنیسەکانی دەشتی نەینەوا،ساڵانێکیشە بەهۆی یاسای خراپی هەڵبژاردن بۆ نوێنەری کۆتای مەسیحی و نوێنەرایەتی سیاسی و ئیداری راستەقینەی مەسیحیەکانی عیراقیان (کە 90%یان لەهەرێمی کوردستان دەژین) لەناو ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عیراقدا لەمەسیحیە رەسەن و شایستەکان زەوت کراوە،لەهەرێمی کوردستانیش سەرەڕای دەرچونی فەرمانی دادگا بەڵام هێشتا بەشێک لەزەوی و زاری مەسیحیەکان بەداگیرکراوی ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە ئەوەش جێگەی نیگەرانیە.

تەنانەت مردوی مەسیحیەکانیش لەسوکایەتی بریندارکردنی هەستی زیندوەکانیان دەربازیان نەبو،لەکۆتاییەکانی ئەمساڵدا هەواڵی شێواندنی گۆڕی مەسیحیەکان لە کۆیە و شەقڵاوە شۆک و نیگەرانی کردین، ئەم هەمو کارەساتەی بەسەر مەسیحیەکان هاتوە لە عیراقدا لەکاتێکدایە کە مەسیحیەکان خەڵکی ئاشتیخواز و بێ زیانن لەو کارەساتەی لەم رۆژانەی رابردو بەهۆی لافاوەوە رویدا مەسیحیەکانی کوردستان و ڕێکخراوە مەسیحیەکان هاوکارێکی گەورەی لێقەوماوانی چەمچەماڵ بون،ئێمەی موسڵمان کەزۆرینەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان پێکدێنین.

دەتوانین دڵنیایی زیاتر بۆ مەسیحیەکان بگێڕینەوە ،جەژنی لەدایکبونی حەزرەتی مەسیح و ئاهەنگەکانی ساڵی نوێی زاینی 2026نزیک بۆتەوە،بەم بۆنەیەوە داوا لەسەرجەم خوشک و برا موسڵمانەکانم لەسەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان،ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەگشتی دەکەم.

هەتا پێیان دەکرێت دڵنەوایی خوشک و برا مەسیحیەکانمان بکەن و بەشداری و پیرۆزبایی ئەم بۆنە گرنگەیان بکەن،خۆ ئەگەر هەندێک لەموسڵمانان و مامۆستایانی ئاینی بەشداری و پیرۆزبایی لەمەسیحیەکان لەڕوی شەرعەوە بەگونجاو نازانن ئەوە لانی کەم با لەم بۆنەیەدا کە بۆنەی مەسیحیەکان خۆیانە بێدەنگ و بێلایەن بن و وەک ساڵانی ڕابردو  خەڵک لەپیرۆزبایی و هاوسۆزی لەمەسیحیەکان نەترسێنن و سارد نەکەنەوە بەو هیوایەی مەسیحیەکان ئاهەنگ و ڕێوڕەسمە ئاینیەکانی خۆیان بەدەرونێکی ئارامەوە بەڕێوە ببەن.

داوا لەداواکاری گشتی و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمیش دەکەم هەر کەس و هەر حزب و میدیایەک لەم بۆنەیەدا خەڵکی هاندا بۆ دروستکردنی ناکۆکی و بڵاوکردنەوەی وتاری ڕقەبەری دژی مەسیحیەکان یان هەر ئاینێکی تر ئەوا ئیجرائاتی توندی بەرامبەر بکرێت.لەخوای گەورە داواکارم جەژنی لەدایکبونی حەزرەتی مەسیح سەلامی خوای لێبێت و ساڵی نوێی زاینی،ببێتە هەوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان لەکوردستان و جیهاندا و مەسیحی و هەمو پێکهاتەکان بەئارامی بژین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار