لێكەوتەكانی ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



فاروس نەوڕۆڵی 

قسەم لەسەر ئەوە نییە ڕاستی لای كام هێزە چونکە دەنگەکان و کورسیەکان ئەو وەڵامە دەدەنەوە ، بەڵام دەمەوێ لە بارەی وێنە گەورەكە بدوێم كە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە. هەرچەندە ماوەی (١٣ مانگ) بەسەر هەڵبژاردنی كوردستاندا تێپەڕیوە، کەچی نەتوانراوە حكومەت پێكبهێنرێت. ئەمەش خاڵی لاوازی پرۆسەی دیموكراسییە لەم هەرێمەی ئێمەدا، پشتکردنە دیموکراسی بە دڵنیاییەوە لە لاوازی پرۆسەی سیاسییەوە سەر دەردەهێنێ. لێرە پێویستە پرسیارێك لە خۆمان بكەین، ئەویش ئەوەیە، ئایا ڕابردوو  بە بەراورد بە ئیستا جاران  لە ڕووی هێزی سیاسی و دبلۆ ماسی یەوە لە چ پێگەیەکدا بووین ؟ ئێستا لەکوێین ؟

لە دوای 2003 هەرێمی كوردستان چووە قۆناغێكی نوێوە كە لە مێژوودا ئەو هێزەی بەخۆوە نەدیوە، هێزی سیاسی و سەربازی و ئابووری و دبلۆماسی ،بۆیە جیهان چاوی لە كورد بوو تاوەکو ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە نموونەیەكی پرشنگداری دیموكراتی نیشان بدات. چاوەڕوانییەکان لە کورد لە ئاستێکدا بوو دەیانویست میللەتانی ناوچەكە شوێن پێی كورد هەڵگرن. بەڵام موخابن لە بەرامبەردا نەیارانی كورد بە وردی كاریان لەسەر لاوازکردن و ناشیرینکردنی ئەم ئەزموونە کرد، لەمەشدا خۆشمان ڕێگە خۆشكەر بووین. ئێستا لە دۆخێكی هەستیار داین، عێراق لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت یان سەرهەڵدانی ئاڵۆزیدایە، هەرێم لە تەڵەزگەدایە، دەبێ ڕێككەوین یان تێكەوین، ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت لێكەوتەی خراپی دەبێت و گورزی گەورە لە كورد دەسرەوێنێ بۆ نموونە:

1- لێكەوتە سیاسییەكان :.
ڕێكنەكەوتن و ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان پارتی و یەكێتی و حیزبەکانی دیکە وزەی سیاسی كورد بە فیڕۆ دەدات و هێزی كوردیی لاواز دەكات كە توانای مامەڵەكردن و دانوستاندنی لەتەك حكومەتی بەغداد و حكومەتەكانی دەورووبەر نەبێت وەك پێویست ،  ئەم دابەشبوونە كاریگەریی خراپی لەسەر بەدەستهێنانی مافەكانی كورد هەبووە لە بەغداد. 

2-  زیانە ئابوورییەكانی:
نەتوانراوە سامانە گشتییەكانی هەرێم كۆنتڕۆڵ بكرێ و لە سەرچاوەیەکدا كۆكرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی دادپەروەرانە و بێ كێشە كۆی خەڵكی كوردستان لێی سوودمەند بێت.

3- لێكەوتە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكان:
كۆمەڵی كوردستانی دابەشكردووە و گیانی ناوچەگەریی تۆخ كردووەتەوە، تەنانەت كاتێك لە شارێكی كوردستان نووسەرێك كتێبێك دەنووسێ و بڵاوی دەكاتەوە، تەنها لە شارەكەی خۆی ڕێوڕەسمی بۆ دەكرێ، واتە پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری نێوان شارەكان ئەگەر هەشبێ زۆر لاوازە ئەم دوورییە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیە ،دونیای پێکەوەیمان تادێ کاڵ دەکاتەوە.

4- لە ئاستی نێودەوڵەتیدا:
لاوازبوونی پێگەی كورد لە دیدی دۆستانی كورد بەرانبەر پڕۆژە گەورەكە كە پڕۆژەی كوردبوون و پڕۆسەی دیموكراتییە، وایکردووە دۆستانی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا متمانەیان بە هێزی سیاسی و بەڕێوەبردنی كورد وەک چەند ساڵ پێشتر نەبێت ، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی پشتگیری سیاسی و دیبلۆماسی، بەدڵنیاییەوە ئەمەش سەردەکێشێ بۆ لاوازبوونی پێگەی كورد لە تەواوی ناوچەكەدا. 

 پێویستە ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە، لە ساڵی 2014 دا، ئەمریكا و ئێران و بەغداد چاوەڕوانی ڕای كورد بوون بۆ دانانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەی ئێستا چی؟ ئێستا لە ئەنجامی ململانێی ناوخۆ و سەرقاڵبوون بە پۆستی سەرۆك كومار و پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم، هۆشمان لای ئەوە نییە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران تاوەکو مەرجەكانی كوردی پێ بڵێین.

  بە بڕوای من ، واباشە باجی ئاشتی بدەین، پێش ئەوەی باجی شەڕ بدەین. ئەگەر بتوانین ڕێكبكەوین و بە خۆماندا بچینەوە و دەرفەت نەدەین لەمە زیاتر گڵۆڵەكە لێژ بێتەوە، كات ماوە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا خۆمان پێناسە بكەینەوە. بە پێچەوانەوە ئەگەر پێش بەغداد ڕێكنەكەوین و ئەوان ڕێكبكەون و حكومەت پێكبهێنن، ئەوا ئێمە لەبەردەم فەوزادا دەبین. خۆ ئەگەر ئەوانیش ڕێكنەكەون هەر لەبەردەم فەوزادا دەبن، بۆیە پێویستە هەمووان یادەورییە كولتووری و مێژووییەكانمان چالاك بكەین بۆ ئەوەی بزانین لە ئەنجامی ناتەبایی كورد خۆیدا چی كارەساتمان لەمێژوودا بەسەر هاتووە، کەواتە پێویستە دەرفەت نەدەین چیتر ڕووبەڕووی كارەسات ببینەوە، ئەگینا دوایی كەس ناڵێ خەتای كام حزب بووە، بەڵام گەر ئێستا تەبابین و ڕێككەوین ئەوە دەبێتە شانازی بۆ هەموومان .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار