دیسانەوە کوشتن!!!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئازاد شکور

 بۆچی هەمیشە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانمان هەمی گاڤ پەنا بۆ چەک دەبەین؟
جێگەی دڕدۆنگی و نیگەرانیە،  کە ڕۆژ نییە لەم مەملەکەتە بچوکەی ئێمەدا، گوێبیستی ئەوە نەبین کە لە فڵان شوێن کەسێک کوژرا، یان لە فیسار جێگا دوو ماڵبات   پێکهەڵپژان و یەکتریان کۆمەڵکوژ کرد، گومانی تێدا نیە ئەوەی پیچێک سەرەدەری لەگەڵ مرۆناسیدا هەبێت، دەزانێت کە مرۆ بەسروشت خاوەندارێتی  لەڕەگەزگەلێکی شەڕەنگێزانەو خۆویستانە دەکات.

هەرگاڤ هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەوانی دیدا بسەپێنێت، ئەم مەیلەش تەنها بەمردن دوماهی دێت، هاوکات بۆ مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی  پێتڤی  بەدڵنیایی هەمیشەیی هەیە، ئەو دڵنیاییەش لەکۆمەڵگایەکی وەک جڤاتی کوردی خێڵنشیندا، کە هێشتا لە بازنەی دۆخێکی سروشتیدایە نەگەشتووە بە دۆخی مەدەنی، هەستدەکەن تەنها چەک و لۆجیکی هێز ئەو دڵنیایەیان پێدەبەخشێت، بەخوێندنەوەیەکی خێڵەکیانە.

ئیدی لەم کەشە نائارامەدا کۆمەڵ هەست بەجۆرێک لە دڵەڕاوکێ و دڕدۆنگی دەکەن، چونکی چاودێرێک یان سیستەمێک شک نابەن کەهەمووان بەیەکچاو سەیر بکات، ئەمەش وا دەکات جڤات هەست بە مەترسی بکەن، خۆیان پارێزگاری لەخۆیان بکەن، وابیردەکەنەوە کە پێش ئەوەی بکوژرێن دەبێت بکوژن، ڕوونیشە  سروشتی هەموان وەسایە کە ئەهریمەنێک لە ناخیاندا خۆی مەڵاسداوە، تەنها کاتێک ئەو ئەهریمەنە خەفە و سڕدەکرێت گەر هەست بەبوونی چاودێرێک یان سیستەمێکی دامەزرا و مەدەنی بکرێت، کە ئەمەش خۆی لە بوونی هێزێکی دەرەکی وەک دەسەڵات دەبینێتەوە.

بۆ ئەوەی لە گرنگی دەسەڵات تێبگەین بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی ساخڵەم و شارستانی، ئەوا گرنگە لە ئاکت و بۆچونی "تۆماس هۆبزی" ئینگلیزی تێبگەین کە دەڵێت: (شکۆ و پاراستنی مرۆڤ، وابەستەیە بە بوونی دەستەڵات و دەوڵەتەوە، چارەنوسی مرۆڤ و بەهاکەشی، بە بوونی سیستەمەوە دەبەسترێتەوە ).
دەتوانین لەم ئاکتەی هۆبزەوە ئەوە هەڵهێنجێنین، بوونی سیستەمێکی دامەزراو دەتوانێت ڕێگە لەو پشێوی و هەڵچون و نائارامیە بگرێت، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی شارستانی و مەدەنی بینا بکەین، تاکە ڕێگەش بۆ دەربازبوون لە هەڵچوون و پێکپژان و نائارامیەکانی بوونی سیستەمێکی ساخڵەمە، بۆ ئەوە وڵات لە دۆخێکی سروشتیەوە بگۆڕێت بۆ دۆخێکی مەدەنی.

چون ئەوە ڕوونە کە سروشتی مرۆڤ لە دوو ڕەگەزی سەرەکی  پێکدێت، ئەوانیش: "1- غەریزە هەڵچونی و لایەنە سایکۆلۆجیەکەی مرۆڤن، 2- ڕەگەزە هۆشەکی و ژیرێتیەکەیەتی"
 بۆیە لەڕەگەزی یەکەمدا مرۆڤ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی، هەمیشە لەڕێگەی توندوتیژیەوە هەوڵی پاراستنی دەدات، بەبێ گوێدان بە خواست و ویستی بەرانبەر.

بەڵام جۆری دووەمیان کە ڕەگەزی هۆشەکیە، هەمیش هەوڵدەدات بە ئاشتیانە و گفتوگۆ چارەسەری کۆی ئارێشە و گرفتەکانی بکات، بەبێ ئەوەی هیچ بەرکەوتنێکی دەروونی یان فیزیکی ڕۆڵ بگێڕێت، بۆیە کۆمەڵگای کوردی لەهەمووان زێدەتر پویستی بەو ڕەگەزە هۆشەکیە هەیە،  بۆ ئەوەی دۆخی هۆشەکی ببێتە میراتگری دۆخی سروشتی، پێتڤیە دەوڵەت و سیستەمی سیاسی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەستێت، وەکو یەک پاسەوانی لە هەمووان بکات، هەمووان لە ژێر چەتری یاسایەکدا کۆبکاتەوە و دڵنیاییان پێبدات.

دوای ئەو هەموو ڕاستیانەی لەهەمبەر زیادبوونی ململانێ کۆمەڵاتیەکان و بوونی سیستەمێکی دامەزرا و گشتگیر خرانە ڕوو، لەوە دڵنیامان دەکاتەوە دەوڵەت و سیستەمی سیاسی لەم مەملەکەتەی ئێمەدا تەواو بێباکە، هەمووان هەست بەوەدەکەن دەوڵەت و دەستەڵات توانای پاراستنی خەڵکەکەی خۆی نییە، متمانە لە نێوان گەل و دەوڵەت بەتەواوی درزی تێکەوتووە، هەست بە بۆشاییە یاساییە دەکرێت، ئیتر و خەڵک خۆی هەوڵ بۆ پاراستنی خۆی بدات، بەڵام پاراستنێک کە کاولکاری و دۆخێکی ترسناک درووست دەکات، وادەکات هیچکەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبێت.

بۆیە کاتێک سیستەمی سیاسی دۆژدادەمێنێت بەرانبەر ئەو ڕوداوە نەخوازراوانە، ئیتر گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە دەستەڵاتی سیاسی خۆی بە مەبەست ڕۆڵی تەماشاکار دەبینێت، ویستی لەگەڵ چاندنی ئەو تۆوی دوبەرەکیەدایە، بۆ ئەوەی سەرقاڵ ببنە کێشەی خۆیانەوە هەمیشە بۆ چارەسەر بگەڕێنەوە بۆ بەردەرگای دەسەڵات، ئەمەش خراپترین جۆری دەسەڵاتداریە، هەمان ئەو سیاسەتەیە، کە دەزگا هەواڵگریەکانی جیهان لەبەرانبەر گەل و نەتەوەکانی تر پیادەی دەکەن، تاکو ناچاریان بکەن هانایان بۆ ببەن پێیان بڵێن فریامان بکەون ئاوێک بەو ئاگرەدا بکەن، لەگەڵ ئەو بۆشاییە یاساییەی کەدروووست بووە، هاوکات بزاوت و لڤینی ڕۆشنبیریش و دینیش، لەپاشەکشەیەکی گەورەدایە.

لەبری ئەوەی پەیام و بانگەوازەکانیان هۆشداری بێت بۆ سەر دەسەڵات و  ناچاریان بکەن سیسەتەمێکی دامەزراو پێڕەو بکەن، کەچی خۆیان لەگەڵ سیستەمە ناجۆرەکەدا گونجاندووە، تەنها بۆ ئەوەی پاسەوانی لە بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆیان بکەن، کەمترین ڕۆڵیش ناگێڕن بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا، کەوایە بۆ ئەوەی چەکەکان بێدەنگ بکرێن، پێویستمان بە سیستەمێکی دامەزرا و تۆکمەو مەدەنی هەیە، بەدەر لەمە هیچ کەس لە ژیانی خۆی دڵنیا نیە و نابێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار