جەنگی جەمسەرەکان .. دوڕیانەکەی جەنگ ئەوروپا بە کوێ دەگەیەنێت؟
7 مانگ لەمەوپێش
راپۆرت/ شوان عەباس بەدری
دوابەدوای هێرشەکەی روسیا و چوونە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا ، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانییەکان راگەیاند و هەرلەم چوارچێوەیەدا دەستییان کرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی و دارایی بە ملیارەها دۆلار و لەبەرامبەریشدا "ڤلادیمیر پۆتین"ی سەرۆکی روسیاش بۆ بەرپەرچدانەوەی وڵاتانی ئەوروپی چەندین جار بە راستەخۆ و ناراستەوخۆ هەرەشەی پەرچەکرداری سەربازی لەو وڵاتانە کرد و چەکی ئەتۆمیش یەکێک بوو لە بژاردەکانی روسیا و ئایندەی وڵاتانی ئەوروپیش لەناو ئاگری ئەو جەنگەدا بە ناروونی ماوەتەوە .
سەبارەت بەم بابەتە "سەرهەد شێخە" چاودێری سیاسی بە "هاوڵاتی" ووت:" پێشبینیکردنی داهاتووی ئەوروپا دوای نزیکەی سێ ساڵ شەڕ لە نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا ئەستەمە چونکە ململانێکان لێکەوتەی ئاڵۆز و دوور مەودای هەیە، یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی ئەو شەڕە، زیادبوونی گرژیی نێوان ڕووسیا و ئەروپایە. پێدەچێت ئەم گرژییانە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بن و ئەگەری هەیە شەڕی ساردی نوێی لێبکەوێتەوە. ئەمەش دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایش، ئابووری و سیاسەتی ئەوروپا هەبێت".
لە پرسیارێکی دیکەی "هاوڵاتی"کە ئاخۆ ئەم جەنگە لە داهاتوودا چ کاریگەییەکی جیۆپۆلۆتیکی دەبێت لە سەر کیشوەری ئەوروپا ،"سەرهەد شێخە" وتی:" لە درێژخایەندا پێدەچێت شەڕەکە ببێتە هۆی گۆڕانکاری قووڵی جیۆپۆلەتیکی لە ئەوروپادا. ڕەنگە هەندێک وڵات هەوڵی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی خۆیان بدەن. یەکێتی ئەوروپاش ڕەنگە هەنگاو بنێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری فراوان بوونی سنوری ڕێکخراوی ناتۆ. هەروەها ڕەنگە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم زیاتر بێت ".
"نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ئەم شەڕە هەستی شوناسی ئەوروپی زیندوو کردۆتەوە. هاوکات یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە وزەی ڕووسیا و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی" سەرهەد شێخە وا دەڵێت.
بە بڕوای ئەم چاودێرە سیاسییە بە کارهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ یەکلایی کردنەوەی جەنگەکە و سەرکەوتنی لایەک بە سەر لایەکی دیکەدا ئەگەرێکی دوورە ، پێشی وایە چەکی ئەتۆمی چەکێکی دوولایەنەیە و بە کارهێنانی دەبێتە هۆی لەناوبردنی دوژمن و ئەو لایەنەش کە بەکاری دەهێنێت ، لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی:"بە دووری دەزانم لە قۆناغی ئێستادا روسیا بیر لە بەکارهینانی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە چونکە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ زۆربەیان خاوەن هەمان چەکن ،ئەگەربێتوو روسیا ئەتۆم بەکار بهێنێت بە دڵنیاییەوە ئەوا ئەو وڵاتانەش بە هەمان چەک وەڵامی دەدەنەوە ".
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە ئاوارەیەی کە لە دوای جەنگەوە روویان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە و ئەو فشارە ئابووریانەی کە کەوتۆتە سەر ئەو وڵاتانە ،ئەم چاودێرە سیاسییە وتی:" دەرئەنجامێکی گرنگی دیکەی ئەو شەڕە قەیرانی پەنابەرانە، بە ملیۆنان کەس لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بردووە، ئەمەش فشارێکی زۆری خستۆتە سەر سیستمی چاودێری کۆمەڵایەتی و سەرچاوەکانی ئەو وڵاتانە و پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە ئاڵنگاری لەبەردەم وڵاتانی ئەروپا وهەروەها شەڕەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی ئابووری لەسەر ئەوروپا هەبوو. نرخی وزە بەرزبووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری. پێدەچێت ئەم کاریگەرییە ئابوورییانە لە کورت خایەندا بەردەوام بن ".
سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ پەیامی روسیا بۆ وڵاتانی جیهان لە هاویشتنی مووشەکە کیشوەربرەکەی کە هەفتەی رابردوو بە شێوەیەکی ئەزموونی هاویشتی و لە ئاسمانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە تێپەری چییە ، ئەم چاودێرە سیاسییە وتی :" لەوەیە ئاسان نەبێت بتوانین پاڵنەرە وردەکانی ڕووسیا بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کیشوەر بڕ دەست نیشان بکەین بەڵام دەتوانرێت ئەوە بخەینەڕوو کە ڕووسیا ئەم تاقیکردنەوەی وەک نیشاندانی هێز بۆ دراوسێ و ڕکابەرەکانی بە تایبەت ئەمریکا و ناتۆ ئەنجامدابێت. لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا زۆرە و ئەم تاقیکردنەوەی مووشەکییە دەتوانێت ببێتە پەیامێک کە ڕوسیا وەک هێزێکی سەربازی بەهێز دەمێنێتەوە و ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا".
"سەرهەد شێخە" پێی وایە ئامانجێکی دیکەی روسیا لە هاویشتنی مووشەکە بالیستییەکەی ، جگە لە پەیامە دەرەکییەکانی ئەوا پەیامێکی ناخۆییشی بە مەبەستی بەرززکردنەوەی هەستی نەتەوەیی رووسەکان و پشتگیری وڵآتەکەیان لە جەنگی ئۆکرانیا لە خۆ دەگرێت.
" ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم تاقیکردنەوەیە ئامانجی ناوخۆیی هەبێت. ڕەنگە سەرکردایەتی ڕووسیا هیوای ئەوە بخوازێت کە ئەم نمایشە و تاقیکردنەوە ببێتە هۆی هەستی نیشتمانپەروەری و پشتیوانی گەلی ڕووسیا لە جەنگی لەگەڵ ئوکراینا زیاتر بکات" سەرهەد شێخە وا دەڵێت.
ئەم چاودێرە سیاییە پێشی وایە دوابەدوای هاتنی "ڤلادیمیر پۆتین" ئەو ووڵاتە کار بۆ کۆتایی هێنان بە تاک جەمسەری لە جیهاندا دەکات و بە "هاوڵاتی"ووت :" دەکرێت یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگی ڕوسیا لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ دەرکەوتنی بێت وەک یەکێک لە جەمسەرەکانی جیهان کە دوای ڕوخانی بلۆکی خۆرھەڵات (یەکێتی سۆڤیەت) هاتنی پۆتین بۆ سەرۆکایەتی ڕوسیا کار بۆ تێ پەڕاندنی سیستەمی یەک جەمسەری دەکات و ئێستا لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنی سیستەمی چەند جەمسەری داین".
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ریکەوتی 24 ی شوباتی 2024 دا، ڤلادمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا دەستپێکی چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئۆکرانیا راگەیاند و بەم جۆرە جەنگێکی ماڵوێرانکەر هەڵگیرسا و بەپێی سەرچاوە ئۆکرانی و رۆژئاواییەکانیش تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەسی سڤیل و 200 هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی لە جەنگەکەدا کوژراون و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییە ئۆکرانییەکان لەلایەک و لایەکی دیکەوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان داناوە.