گۆڕانکاری لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان دەکرێت

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت لە بەشەخۆراکی مانگی سێی هاوڵاتییان بەشە برنج کەمیکردووە لە سێ کیلۆوە بۆ دوو کیلۆ و نیو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024، كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بە نووسراوی فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە کە لە بەشەخۆراکی مانگی سێ بەشە برنجی هاوڵاتییان لە سێ کیلۆوە بۆ دوو کیلۆ و نیو کەمکراوەتەوە و لە بەرامبەردا بڕی دۆشاو زیادیکردووە کە مانگەکانی پێشووتر بۆ هەر کەسێک 400 گرام بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە کراوەتە 800 گرام بۆ هەر کەسێك".

روونیشیکردەوە، "لە نووسراوەکەدا هۆکاری کەمکردنەوەی بەشە برنج ئاشکرانەکراوە، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو ئێستا بۆ ئەم مانگەیە، چونکە هەموو مانگێک لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە نووسراوی نوێ دەکرێت بۆ شێوازی دابەشکردنی بەشەخۆراک".

بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان لە حەوت مادە پێکهاتووە کە مانگانە لەرێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت، مادەکانیش بریتین لە "برنج، دۆشاو، زەیت، نیسک، فاسۆلیا، شەکر، لەتکەنۆک"، هەندێک مانگیش گۆڕانکاری لە مادەکاندا دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار