لە ئەڵمانیا پیاوێک بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر گرووپێکی "دژە ئیسلامی سیاسی" و 6 کەس برینداردەکات
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
پیاوێک لە ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژمارەیەک چالاکڤان کە خۆیان وەک دژ بە "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا دەناسێنن. هێرشبەرەکە ریشدارە و پۆلیس تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاین و ناسنامەی ئاشکرانەکردووە.
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 31-5-2024، لە شاری مانهاینی ئەڵمانیا هێرشبەرێک بە چەقۆ پەلاماری گرووپێکیدا کە کامپەینێکیان دژی "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەو شارە راگەیاندبوو.
پۆلیس راگەیاندووە، هێرشبەرەکە شەش کەسی بە چەقۆ بریندارکردووە کە یەکێکیان پۆلیسێک بووە لەکاتی رووداوەکەدا هەوڵی پاراستنی گیانی قوربانییەکانی داوە. هێرشەکە نزیکەی کاژێر 11:30 خولەکی بەیانی لە ناوچەی مارکپلاز، لە ناوەندی شاری مایهان کراوە.
ئەوانەی کامپەینەکەیان راگەیاندووە، رێکخراوی پاکس ئەوروپان، کە وەک گرووپێکی دژە "ئیسلامی سیاسی" خۆیان دەناسێنن. لە شوێنە گشتییەکاندا لەبارەی "مەترسی زیادبوون و کاریگەریی ئیسلامی سیاسی" بۆ خەڵک دەدوێن.
پۆلیس دەڵێت پێنج کەس و ئەفسەرێکی پۆلیس کە چەند جارێک چەقۆ بەر سەر و ملی کەوتووە بریندارکراون. یەکێکی دیکەش لە بریندارەکان مایکڵ ستورەنبەرگەر، چالاکڤانی دژە ئیسلامە کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەو رێکخراوە.
ئەوە چەند کاژێرێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە و بەرپرسان رایانگەیاندووە، جارێ ناتوانن زانیاری لەبارەی سەختی بریندارەکانەوە بدەن و ناسنامەی هێرشبەرەکەش هێشتا دیار نییە.
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریرکردنی دنەی هێرشەکە دەستیپێکردووە. ئەوەی باسکرد، "ئەگەر لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنن دەستێکی ئیسلامی لە پشتەوە هەبووە، ئەوە دەبێتە دڵنیاییەکی دیکە لە توندوتیژی ئیسلامی" لە ئەڵمانیا.
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی لەبارە هێرشەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوەی لە مانهایم روودەدات زۆر خراپە و توندوتیژی لە ناو دیموکراسیی ئێمەدا قبوڵکراو نییە".