سکرتێری گشتیی ناتۆ: پێویستە ساڵانە لانیکەم بە گوژمەی 40 ملیار یۆرۆ هاریکاریی ئۆکراینا بکەین
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
سکرتێتی گشتیی ناتۆ داوا لە ئەندامانی ناتۆ دەکات، لەمەودوا ساڵانە بە لایەنی کەمەوە 40 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکراینا دابین بکەن. ئەوەش بۆ بەردەوامبوونی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا و بەرگریکردن لە خاکەکەی کە رووسیا بەشێکی کۆنترۆڵکردووە.
رۆژی هەینی 31-5-2024، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "لە دوای داگیرکاریی گشتگیری رووسیاوە، هاوپەیمانان بە نزیکەیی 40 ملیار یۆرۆ هاریکاریی سەربازییان داوەتە ئۆکراینا بۆ هەر ساڵێک. پێویستە لەو ئاستەدا پاڵپشتی خۆمان ساڵانە بۆ ئۆکراینا بهێڵینەوە، تا ئەو کاتەی پێویستە".
لەکاتێکدا رووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و لەم دواییەشدا چڕی کردووەتەوە، بەرپرسانی ناتۆ لە پراگ ئامادەکاری بۆ لوتکەی تەمموز دەکەن. لەو لوتکەیەدا ناتۆ ئاهەنگی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت و پلان بۆ هاریکاریکردنی داهاتووی ئۆکراینا دادەنێت.
ستۆڵتەنبێرگ دەڵێت، دەبێت لە لوتکەکەی ئەم جارەی واشنتندا ئەوە دڵنیابکەنەوە کە ئۆکراینا لەمەودوا توانای پلاندانانی هەبێت و توانای هێرشکردنی پێشوەختەی لەکاتی مەترسی هێرش بۆ سەری هەبێت.