هەڵبژاردنە یەک ملیاریەکەی هیندستان کۆتاییهات و ئەنجامە بەراییەکان وای نیشاندەدەن پارتی دەسەڵات براوە بێت

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە دوای شەش هەفتە و حەوت قۆناخی جیاواز کۆتایی هات.

ئەنجامە بەراییەکان وای نیشاندەدەن، نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی هیندستان.

رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان کە نزیکەی 1 ملیار کەس تێیدا مافی دەنگدانیان هەبوو کۆتایی هات.

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دوو ئاژانسی ئەو وڵاتە، مۆدی لە 543 کورسی پەرلەمانی هیندستان توانیویەتی زیاتر لە 350 کورسی بەدەستبهێنێت.

بۆ ئەوەی هەر پارتێک بتوانێت دەسەڵات لە هیندستان بگرێتە دەست، پێویستی بە 272 کورسییە.

پارتەکەی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنی 2019دا 353 کورسی بەدەستهێنابوو.

پێشبینی دەکرێت پارتی ئیندیا، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنە نزیکەی 120 کورسیی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەو ئەنجامانە رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندە ناوی دەبەن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە 19ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و شەش هەفتەی خایاند.

لە هەلبژاردنەکەدا نزیکەی یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. دەنگدان بە حەوت قۆناخی جیاواز بەڕێوەچوو.

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت.

ئەگەر مۆدی لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە، ئەوە دەبێتە دووەم سەرۆکوەزیران لە مێژووی هیندستان کە توانیبێتی 3 جار لەسەر یەک حکومەتی هیندستان بەڕێوەبەرێت.

مۆدی لە بانگەشەکانیدا بەردەوام باسی ئەو دەستکەوتانەی دەکرد لە 10 ساڵی رابردوودا بەدەستی هێناوە و یەکێک لەو تۆمەتانەش کە دەیدایە پاڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبوو، ئەو پارتە لایەنگری پێکهاتەی موسڵمانان لە هیندستان دەکات.

ئەمڕۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە کۆتا قۆناخی هەڵبژاردنەکەدا دەنگیاندا، لەبەر بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما بۆ 48 پلەی سلیزی، لانیکەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار