ئیسرائیل پێشنیازەکەی جۆ بایدنی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە؛ تا حەماس لەناو نەبەین جەنگ ناوەستێ

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

بنیامین ناتانیاهو دەڵێت، هیچ ئاگربەستێکی تاهەتایی ناکەن تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئەویش تێکشکاندنی توانای سەربازی و بەڕێوبەرایەتی حەماس و ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانیانە.

رۆژی هەینی، 1-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئاگربەست ناکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە ئەوان ئاگربەستەکە پەسەند دەکەن ئەگەر ئیسرائیلیش وابکات.

قسەکانی ناتانیاهو دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 3 قۆناخیی بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە کرد و داوای لە حەماس و ئیسرائیلیش کرد پەسەندی بکەن.

لە راگەیێنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "هیچ شتێک لەبارەی کاتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە".

ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئامانجەکانیان بەدەستن نەهێنن دەست لە جەنگ هەڵناگرن، ئەوانیش، "لەناوبردنی توانای سەربازی و بەڕێوەبردنی حەماس، ئازادکردنی تەواوەتی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیدیکە هەڕەشە نابێت لەسەر ئیسرائیل".

باسم نەعیم، گوتەبێژی حەماس لە قەتەر بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، ئەوان پێشوازیان لە پێشنیازەکە کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر ئیسرائیل.

باسم ئەوەشی گوتووە، "ئەگەر ئەو [ناتانیاهو] هەوڵبدات بەردەوام بێت، هیچی دەستناکەوێت جگە لە ئامادەیی خەڵکی فەڵەستینییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکە".

تاوەکو ئێستا لە پێکهاتەکانی دیکەی حکومەتەکەی ناتانیاهوەوە هیچ قسەیەک نەکراوە، بەڵام یایر لاپید، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، پاڵپشتی ناتانیاهو دەکات ئەگەر ئاگربەستەکە پەسەند بکات.

ئەمریکا، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس چەند مانگێکە لە قاهیرە گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

جەنگی ئیسرائیل و حەماس دوابەدوای پەلامارەکەی حەماس هات بۆ سەر ئیسرائیل، کە تێیدا 1200 هاووڵاتی ناوخۆیی و بیانی و پۆلیس کوژران و 252 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.

لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر غەززە، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار