لە ئێران سوننەکان بە جیا لە دەسەڵات ئەیکەن بە جەژن

2 هەفتە لەمەوپێش



ئا: هاوڵاتی

لە ئێران و  بەشێک لەو ناوچانەی کە سەر بە رەوتی شیعەن، ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیران کراوە بە جەژن.

لە ئێران، لە ناوچە سوننە نشینەکان، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵات رۆژی دووشەممەی بە جەژن راگەیاند، بەشێکی زۆری خەڵک رۆژی یەکشەممەیان کرد بە جەژن.

ئەمە رەوتێکە کە چەند ساڵە بوونی هەیە و ئەتوانین بڵێین لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئێران بەزۆری جەژنی قوربان و رەمەزانی لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جیاکردۆتەوەو بەزۆری یەک رۆژ دواتر ئەکات بە جەژن.

بەڵام ناوچە سوننە نشینەکان، لەوانە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ وڵاتانی سوننە نشین جەژن ئەکەن و بووە بە نەریتێک.

بە شێوەیەک لە ناوچە سوننە نشینەکان دوو جار جەژن ئەکرێت، جارێک خەڵک ئەیکات کە لەگەڵ جەمسەری سوننەیە و خۆیان ئەڵێن لەگەڵ سعوودیە ئەیکەین و جارێک دەسەڵات ئەیکات بە جەژن، کە رۆژی دوای رۆژی جەمسەری سوننەیە.

جیاکردنەوەی دوو جەمسەر ئەوەی کە ئێران جەژنی خۆی لە گەڵ جەمسەری سوننە و سعوودیە وەک دیارترین وڵاتی ئەم جەمسەرە جیا ئەکاتەوە، وەک رووبەڕوو بوونەوەی دوو رەوتی دیاری ئیسلامی دەرئەکەوێت.

موختار هووشمەند، نووسەر و لێکۆڵەر و شارەزا لە رەوتە ئیسلامییەکان و مێژووی ئیسلامی سیاسی، لەمبارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند،" ئێران وەک جەمسەری شیعە لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەیهەوێت خۆی لە جەمسەری سوننە جیا بکاتەوە.

ئەوەش کە زۆربەی ساڵەکان دوو جەژنی قوربان و رەمەزان بە جیا لە وڵاتانی سوننە نشین و لەوانە سعوودیە ئەیگرێت بۆ جیاکردنەوەی خۆیانە وەک رەوتێکی جیاواز بە ئایدیای جیاوازەوە".

ئێران دەیهەوێت خۆی لە هەموو روویەوە وەک جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی نیشان بدات، ئیشی بۆکردووەو لە هەموو رەمز و سێمبۆلەکان کەڵک وەرئەگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە رەوتی سوننە وجەمسەری سوننە جیا بکاتەوە.

جەژن لە کوردستان وەک نافەرمانی مەدەنی لە ناوچە سوننە نشینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەشی زۆری خەڵک نەک لەگەڵ تاران بەڵکو لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جەژن.

هەرچەند دام و دەزگا حکوومەتییەکان کراوەن، خوێندنگە و قوتابخانەکان کراوەن، بەڵام خەڵک هەرجێژنی خۆیان ئەکەن و ئەیکەن بە جەژن و رێ و رەسمەکانی جێژن لەم رۆژەدا و لەگەڵ جەمسەری سوننە بەڕێوە ئەبەن.

موختار هووشمەند لای وایە، ئەمە جۆرێکە لە نافەرمانی مەدەنی و جیاکردنەوەی خۆیانە لە دەسەڵات.

ئەتوانێت ئەمە ئاماژە بێت بەوەی، بەو پێیەی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە سوننەکان پەراوێز خراون، کۆماری ئیسلامی بە گشتی لەگەڵ رەوتی سوننە لە دونیا وەک ئایدیۆلۆژیا باسی ئەکەم کێشەی هەبووە.

لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا سوننەکان پەراوێز خراون.

هەربۆیە خەڵک زیاتر وەک پەرچەکردار بەرامبەر ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان بە شتێکیترەوە لە دەرەوەی ئێرانەوە گرێ بدەنەوە، رێکەوتی جێژنەکانی خۆیان جیا ئەکەنەوە".

هووشمەند لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا دەڵێت،" ئەوەی کە خەڵک رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ حکوومەت جیا ئەکەنەوە، لە راستییدا خۆدوور خستنەوەیە لەو بەرنامە و کارانەی کە کۆماری ئیسلامی بە ناوەی ئایینەوە ئەیکات و خۆبەستنەوەیە بە شتێکیتر لە دەرەوەی ئێران، بە تایبەت سعوودیە کە وەک سەرچاوەی بڕیاری موسوڵمانە سوننەکان دادەنرێت و ئەوانیش دەیانهەوێ خۆیان گرێ بدەنەوە بە سعوودییەوەو لە خۆیان لە ئێران دوور بخەنەوە" پێشنوێژی هەینییەکان نوێنەری خەڵک نین لە ئێران بە فەرمی جگە لە میدیاکان، پێشنوێژەکانی شارەکان، هەر شارەو یەک پێش نوێژی هەیە کە بە پێشنوێژی هەینی ناسراوە، دیاریکردنی جێژن لە لایەن پێشنوێژ شار و گوندەکانەوەیە.

بەڵام خەڵک بە پێچەوانەی ئەوەی پێشنوێژەکان رۆژێک دوای جەمسەر سوننە وەک رۆژی جێژن دیاری ئەکەن، لەگەڵ جەمسەری سوننە ئەیکەن بە جێژن.

موختار هووشمەند دەربارەی پێشنوێژەکان و ئەوەی کە بۆچی خەڵک گوێڕایەڵی ئەوانیش نین ئەڵێت،" خۆت ئەزانی پێشنوێژەکانی ، نوێژی هەینی لە ناوچەکوردنشینەکان و ناوچە سوننە نشینەکان و بە گشتی لە ئێران لە لایەن حکوومەتەوە دیاری ئەکرێن.

ئەوەی ئەیڵێن و ئەیکەن ئەبێ لە چوارچێوەی ئەو شتانەدا بێت کە کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت و بە دیاریکراوی " ناوەندی گەورەی ئیسلامی" بۆیان دیاری ئەکات.

لە رۆژئاوای ئێران و ناوچە کوردنشینەکان " ناوەندی گەورەی ئیسلامی رۆژئاوای وڵاتە، کە دیاری ئەکات مەلاکان و پێش نوێژەکان چی بکەن و چی بڵێن و کۆنتڕۆڵی مزگەوتەکان ئەکات.

ئەوان ئەبێ ئەو رۆژە وەک رۆژی جەژن بە خەڵک رابگەیەنن کە حکوومەت دیاری ئەکات، بەڵام ساڵانێکە خەڵک بە پێچەوانەی داوکارییەکانەوەو سەرەڕای ئەوەش کە زۆرجار هەڕەشەیان لێدەکرێت، هێشتا ئامادەنین تەک کۆماری ئیسلامی جێژن بکەن.

ناسەرکەوتووی دروشمی حەوتووی یەکبوون "وەحدەت" کۆماری ئیسلامی چەند ساڵە بەردەوام باس لەوە ئەکات شیعە و سوننە لە ئێران جیاوازییان نییە، بە دروشم ئەمەیان ئەوتەوە " شیعە و سوننە فەرقی نییە، رێبەرمان خومەینییە".

بەڵام لە راستییدا بە پێچەوانەوە بووەو تا ئێستا لە شارێکی وەک تاران کە وەک دەوترێت زیاتر لە یەک میلیۆن سوننەی تێدایە، مزگەوتێک بۆ سوننەکان نییە و ئیزنیان پێنادەن مزگەوتیان ببێت یان کەسێکی سوننە ناتوانێت بە پێی یاسا ببێت بە سەرۆککۆمار لە ئێران.

هووشمەند لەمبارەوە ئەڵێت،" ئەوەی کە سوننەکان لە ئێران رێکەوتی جێژنی خۆیان لەگەڵ شیعەکان جیائەکەنەوەو هاوکات لە گەڵ سعوودیە ئەیکەن بە جێژن، پێمان ئەڵێت ئەو دروشمەی ئێران کە باس لە یەکبوونی شیعە و سوننە ئەکات سەرکەوتووە نەبووە، تەنانەت حەوتوویەکیشی داناوە بە ناوی " حەوتووی یەکبوون" ( حەوتووی وەحدەت" لە 12ی ربیع الاول بۆ 17 ی ربیع الاول ی هەموو ساڵێک، ئەو هەنگاوەی سەرکەوتووە نەبووە.

سوننەکان خۆیان بە هاوسۆز لەگەڵ شیعە و دەسەڵاتی شیعە نابینن لە ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار