دوای 10 ساڵ، ژنانی ئێزەدی ئەترسن بگەڕێنەوە بۆ شەنگار ئا: کارۆلین هالی، رێپۆرتەری بەشی نێونەتەوەیی BBC

5 ڕۆژ لەمەوپێش



  هاوڵاتی  

دە ساڵ تێئەپەڕێت بە سەر ئەو کاتەدا کە میلیشیاکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگار و هەوڵیاندا ئیزەدییەکان لە شەنگار لە ناو ببەن.

هێزەکانی داعش بەهەزاران پیاوی ئێزەدیان کوشت، دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر کچان و ژنانی ئێزەدی، کردیانن بە کەنیزەک و وەک کۆیلە هەڵسووکەوتیان کرد لەگەڵیان.

ئەو کەسانەی لەو هێرشە رزگاریان بووەو ماونەتەوە ئێستا ئالنگارییەکی نوێیان لەبەردەمە.

دەوڵەتی عێراق دەیهەویت کەمپی ئاوارە ئێزەدییەکان لە هەموو عێراق کۆ بکاتەوەو ئەوان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە لێی هەڵهاتوون.

چەند ژنێکی ئێزەدی کە لەو سەردەمە کارەساتبار و پڕتوندووتیژییە رزگاریان بووە و لە یەکێک لەو کەمپانەدا ئەژین، ئێستا لە چوارچێوەی گرووپی مووسیقا و لەگەڵ کۆڕێکی مووزیک سەردانی بەریتانیایان کردووە.

ئەوان دەیانهەوێت لەم رێگاوە هەم پاشخانی کەلتووری خۆیان نمایش بکەن و هەم باس لە دۆخی کارەساتباری کۆمەڵگەی ئێزەدییەکان بکەن کە کەمایەتییەکی نەتەوەیین لە ناوچەکە و مێژوویەکی کۆنیان هەیە.

ئەمیرە یەکێکە لەو کچانە، ئەو کاتە باس لە تووندوتیژییە تۆقێنەرەکانی میلیشیاکانی داعش ئەکات لەو کاتەی کە زێدی دایک و باوکی ئیزەدییەکانیان لە ساڵی 2014 داگیرکرد، دەست ئەکات بە گریان و فرمێسک بە گۆنایدا دێتە خوار.

دەیەیەک بەسەر ئەو رۆژەدا تێئەپەڕێت کە داعش هێرشیان کرد، بەڵام برینەکانی ئەمیرە نوێ و بەسۆن.

ئەو دەمەی پیاوانی ئێزەدی درانە بەر دەستدڕێژ و کوژران و ژنان و کچانی ئێزەدی دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر و کرانەکۆیلە، ئەمیرە توانی لە زێدی خۆی هەڵبێت و پەنا بباتە بەر کێوەکان.

بەڵام دوو خوشکی لەوێ مانەوەو ناچار بوون لە شوێنی ژیانی هێزەکانی داعشدا ببن بە خزمەتکار و کەنیزەک.

داعش ئێزەدییەکانی بە "شەیتانپەرەست" ناو ئەبرد.      

ئەمیرە ئەڵێت، بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر کۆیلە و کەنیزەکەکان، دەستدرێژی سێکسی نەکرایە سەر خوشکەکانی، لەبەر ئەوەی پێشتر مێردیان کردبوو.

بەڵام، یەکێک لە خوشكەکانی کە مێردەکەی لە لایەن داعشەوە کوژرابوو، بەردەوام بە شێوەی رۆژانە ئەشکەنجە درابوو، لێیان دابوو.  

بە شێوەیەکی زاڵمانەی هەڕەشەی لێکراوە، وەهایان ئەشکەنجە داوە کە وەسف ناکرێت.

ئەمیرە ئەڵێت:" خوشکەکەی 15 رۆژ بەر لەوەی بە دیل بگیردرێت مناڵی بووە.

پێیان وتووە  ، مناڵەکەت ئەکوژین و ناچارت ئەکەین گۆشتەکەی بخۆی".

ئەمیرە ئەو کاتەی باسی خوشکەکەی "دەلال"ی ئەکرد، دەنگی نزم کردەوەو وەک سرتە سرت قسەی ئەکرد.

ئەمیرە ئەیگوت، دەلالی خوشکی ئەو دەمەی دەستگیرکرا سکی پڕ بوو، مناڵە تازەبووە کچەکەی لە ٥ مانگیدا لە دەستدا، لەبەر ئەوەی شیری نەبوو پێی بدات.

دەلال هەوڵیداوە خۆی بکوژێت، بەڵام کوڕە 4 ساڵەلەی بەری پێگرتووە.

ئەمێر ئەڵێت :" کوڕە چوار ساڵەکەی پێی وتووە، دایکە تکایە مەمانکوژە، وەرە لێرە هەڵبێین".

رۆژێک دەلال تەماتەیەکی لە بەفرگرەکە هەڵگرت و دای بە مناڵەکەی، داعشییەکان تەمبێیان کرد.

ئەو و دوو مناڵەکەیان بۆ یەک حەوتوو لە ژوورێک دەستبەسەرکرد و زیندانیان کردن، بێ ئەوەی خواردنیان پێ بدەن.

تەنها کارتۆنێک شیر و بتڵێ بچووک ئاویان پێ دابوون.

ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق لە بەرنامەیدایە ئەو کەمپانە کۆ بکاتەوە کە دەیان هەزار ئێزەدی لە ساڵی 2014 ەوە تێیدا دەژین، لە زۆر رووەوە بووە بە جێی نیگەرانی و ترسی ئیزەدییەکان.

ئەو خزمەتگوزارییە کەم و سنووردارەی کە لە ئێستادا لە کەمپەکان هەیە بڕیار وایە تا کۆتایی تەمووزی ئەمساڵ کۆتاییان پێ بێت و نەمێنن.

تەنها ئەوەیە پارەیەکی کەمیان پێ ئەدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شەنگار.

بۆ ئەو شوێنەی بە کۆمەڵ کوژران.

ڤیان دەخیل، تەنها نوێنەری ئێزەدییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە بی بی سی وتووە:" دۆخەکە لەوێ کارەساتبارە.

زۆر گرووپی چەکداری لێیە و هێزە دەوڵەتییەکانی عێراق لەوی لاوازن".

ڤیان دەخیل ئەڵێت ، بەشی زۆری شەنگار وێرانەیە، خانوو، خوێندنگە و نەخۆشخانە و هیچ شتێکی لێ نییە".

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بە باسکردن لە کێشە و نیگەرانییە هاوشێوەکانی ئێزەدییەکان، باس لەوە ئەکەن نابێ کەمپی ئێزەدییەکان بە زۆر دابخرێن.

فەرها بەهۆیەر، وتەبێژی ئاژانسی پەنابەران لە عێراق ئەڵێت :" نابێ هیچ کەس بە زۆر بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنێک کە رەنگە لەوێ گیانی بکەوێتە مەترسییەوە، زیانی گەورەی پێ بگات، یان ئەوەی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەک ئاو، چاودێری تەندروستی، شوێن و کاری تێدا نەبێت کە بە یارمەتی ئەوانە بتوانێت ژیانێکی سەربەرزانەی ببێت".

ئەم ئاژانسە ئەڵێت ، نیگەرانە لەوەی ژمارەیەک لە ئاوارەکانی شەنگار سەرەنجام هیچ چارەیەکیان نەبێت جگە لەوە لەو کەمپانەدا بمێننەوە بێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێ بگات.

هەدیەی 28 ساڵ تەمەن یەکێکە لەو ئەندامانەی گرووپی مووزیک کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی " ناوەندی خێرخوازی عمار" سەردانی بەریتانیای کردووە.

هەدیە بە BBC وتووە، پێش 2014 ئەو هەموو شتێکی هەبوو، لەوانە خانوویەکی گەورە.  

ئێستا ئەو و بنەماڵەکەی  لە خێمەیەکی 3.4 دا وەک زیندانی ئەژین، لە هاویندا زۆر گەرم و لە زستانا زۆر ساردە.

بەڵام لانیکەم ئەوەیە لەوێ هەست ئەکەن پارێزراون.

هەدیە ئێستاش لە فۆبیای ئەو بیرەوەرییە تاڵ و ترسناکانەی سەردەمی داگیرکردنی شەنگار لە لایەن داعشەوە دەژی، بە تایبەت ئەوەی کە کچەمامەکەی "غەزاڵ" بەسەریدا هاتووە بووە بە خەمێکی گەورە بۆ ئەم.

هەدیە ئەڵێت، کاتێک غەزاڵ لە لایەن داعشەوە بە دیل گیردرا، 8 ساڵی تەمەن بوو. دووساڵ دواتر ناچار کرا شوو بە یەکێک ئەندامانی داعش بکات.

کاتێک ساڵی 2020 و لە تەمەنی 14 ساڵیدا رزگار کرا، دوو مناڵی هەبوو. ناچار کرا جێیان بهێڵێت.

بە وتەی هەدیە، داعشییەکان مێشکی "غەزاڵ"یان شۆردبۆوەو لای وابوو ئێزەدییەکان کەسانێکی خراپن.

غەزاڵ کە ئێستا 18 ساڵی تەمەنە، لە باری دەروونییەوە تێکچووەو گۆشەگیرە.

خوشکەگەورەی غەزاڵ کە ئێستا ئەبێ 19 ساڵی تەمەن بێت، یەکێکە لەو سەدان و هەزاران کچ و ژنە ئێزەدییەی کە بێسەروشوێنن.

زەهرا عەمرە کە بەڕێوەبەری نووسینگەی " دامەزراوەی خێرخوازی عەمار"ە لە شاری دهۆک، لەگەڵ ئەم گرووپە مووزیکە وەک وەرگێڕ هاتۆتە بەریتانیا، زۆر گلەیی هەیە لەوە کەمتەرخەمی هەیە بەرامبەر بەو ژنانەی بێسەرو شویةن و ئەڵێت :" کەس بیر لەوە ناکاتەوە ئەوان بگەڕێنێتەوە".

زەهرا ئەڵێت :" کەس یارمەتیمان نادات بە شوێن خوشکەکانماندا بگەڕێین.

ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی داعش لە زیندانەکان ئازاد کراون.

ئەو کاتەی داحش هات کەس یارمەتی نەداین و ئێستا داوامان لێدەکەن بگەڕێینەوە بۆ شەنگار".

لە ئابی 2014 و ئەو کاتەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگار، زەهرا هاوپۆلی و هاوڕێکانی خۆی لەدەستدا.

دایەگەورە لە لایەن داعشییەکانەوە کوژرا، لەبەر ئەوەی لاواز بوو و توانای ئەوەی نەبوو هەڵبێت و پەنا بباتە کێوی شەنگار.

دەیان هەزار ئێزەدی لە کاتی هێرشی داعش پەنایان هێنایە ئەم کێوە.

زەهرا ئەڵێت، زیاتر لە هەموو شت، ئەو داهاتووەیان لە دەست چوو کە خۆی و هاوڕێکانی پلانیان بۆ دانابوو.

ئەڵێت ئەم هێرشە کاریگەری گەورەی دەروونی لەسەر هەست و دەروونی هەموان داناوە، کاریگەرییەکی قووڵ.

زەهرا ئەڵێت:" ئێمە هەست بە ئاسایش ناکەین، متمانەمان بە کەس نییە"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار