zhyr

پیربوونی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە حوکمڕانەکان

(دەربارەی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا)

4 مانگ لەمەوپێش



 غازی حەسەن  

ئایا بە ڕاست لیبرال و دیموکراتەکان، بوون بە مۆتەکە و سەرچاوەی دابەشکردنی وڵات و لەتکردنی کەسایەتی هاوڵاتی و دابەشکردنی تاک؟ یان ئەوان دەیانەوێت کرانەوەی کۆمەڵگە و ئازادی تاک فرە و کاریگەرتر بکەن؟ ئازادی ئایین و سێکس و لەباربردنی کۆرپە و بایەخدان بە پرۆژە و بزاڤە ئابوورییە بچووکەکان و بایەخدان بەچینی ناوەڕاست کارا بکەن؟ لەبەرانبەریشدا هێزە نوێیە تەقلدییە ڕکابەرەکە ئەم ئاراستەیە بەهۆکار دەزانێت بۆ (کێشەی کۆچبەران) و (جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و ململانێی نێو دەوڵەتی) و (خراپبوونی نادادیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەزینی توانای دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان) و (دابەشبوونی وڵات) و چەندین گرفتی دیکە.  

لە یەکەم هەواڵی ڕاسپاردنی (کیەر ستامەر ٦١ ساڵ) لەدایکبووی ١٩٦٢ی لەندەن، باوکی لە کارگەی دروستکردنی کەلوپەل کاری کردووە و دایکیشی پەرستار بووە.

یەکەم ئەندامی خێزانەکەیەتی، کە چۆتە کۆلیژ و لە یاسا خوێندوویەتی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو کردووە، وەکو پارێزەر کاری کردووە، هەندێک کەیسی هەستیاری دژی کۆمپانیای (شل) و (میکدانۆز) سەرپەرشتی کردووە، ئەم زانیاریانە لە دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانییەکان وەرگیراون.

لەڕۆژی ٥ تەموزی ٢٠٢٤ لە یەکەمین گوتاریدا (ستامەر) ڕایگەیاند لەلایەن  (شا چارلزی سێیەمەوە) بە فەرمی بۆ پێکهێنانی وەزارەت ڕاسپێردراوە و گوتی: "بێ متمانەیی خەڵکەکەمان تەنیا بە کردار چاک دەبێتەوە.

ژێرخانی دەرفەتەکان بۆ چینی کرێکاران بوونیات دەنێینەوە، لە هەنووکە بەدواوە، حکوومەتێکتان دەبێت، کە خۆی بۆ خزمەتکردنتان تەرخان دەکات و وڵاتەکەمان یەک دەخەینەوە و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین".

ئەمە وتاری یەکەم ساتی هەنگاوی بەرایی (ستامەر)ە و وتارەکەی چەند کردەیەک و پەیام و ستراتیژی سیاسی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت و لەچەند ئامانجێک دەدوێت: (متمانە بەخەڵک)، (بە کردار کارکردن)، (ژێرخانی ئابووری پەیوەست بە کرێکاران بونیاد دەنێنەوە)، (حکومەت خزمەتکارە)، (یەکخستنەوەی وڵات) و (سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگەکان).

لەم سەردەمەدا ئەم جۆرە وتارە لەزۆر وڵاتی دونیا، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتیشدا دەیبیستین و لەنێو وتارە گەرموگوڕەکاندا بەکاردێت، کە جۆرێک لە هاوبەشی لە گوتاری سیاسی و تێڕوانین و لەیەکچوون و یەکبیچمی قەیرانەکان و کێشەی ئابووری و چینە کۆمەڵایەتییە وەبەرهێنەکان و لاوازبوونی متمانەی خەڵکدا هەیە.

پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنە توانی دەسەڵاتی ١٤ ساڵەی پارێزگارەکان بگۆڕێت، پارتی کرێکاران بۆچوونی چەپخوازانەی کرێکاریی هەیە و ئەمجار توانی ١٧٤ کورسی بەدەست بهێنێت.

(ستامەر) مێژووێکی دوور و درێژی لەنێو سیاسەت نییە و خێرا لەم بوارە ناوی دەرکەوت، بەڵام بە دروشمی (گۆڕانکاریی) توانی جارێکی دیکە پارتی کرێکاران بهێنێتەوە پێشەنگ.

نابێت لەبیری بکەین دۆڕانی پارتی پارێزگارەکان پەیوەندی بە (بەرزبوونەوەی نرخ و خراپبوونی پێویستی ژیان و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری و ژمارەیەک کاری ئابڕووچوونەوە) هەیە.  

ئەوروپا بەگشتی بەرەو گۆڕانکارییە و ئاماژەکان ئەو نیشان دەدەن، کە ڕاستڕەوی تونداژۆ لەهەڵکشانە، گەشەکردنی چەپی نوێ یەکێکە لەو ئەگەرانەی وەکو ئەلتەرناتیڤێکی نوێ ئەگەر لاوازیش بێت بۆ شوێنگرەوەی سیاسی لیبرال و لیبرال دیموکراتەکان سەیر بکرێت، بەتایبەتی بۆ چارەسەری قەیران و گرفتە (ئابوورییەکان و سەختی  ژیان و گرانبوونی نرخ و ئاژاوە و تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی.. تاد).

ئاماژەکانی ململانێی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا ئەوە نیشان دەدەن، کە (ترەمپیزم) وەکو ئاراستەیەکی توندڕەو لەگەشەکردنە و (ترەمپ)یش دروشمی یەکخستنەوە و هەڵسانەوەی ئەمەریکای هەیە.

لە ڕۆژهەڵاتیشدا ئەم قەیران و گرفتە زەق و ئاڵۆزانە بەدی دەکرێت، کە هەندێکیان کتومت هاوبەشن و لەیەکدەچن، لەوانە: (نەمانی متمانەی خەڵک، لاوازبوونی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات)، (دابەشبوونی نیشتمان بەسەر هێزە سیاسی و خێلەکی و مەزهەبی و هێزە پاڵپشتیکراوە ناوچەییەکان)، (بەرزبوونەوەی نرخ و گەشەنەکردنی داهاتی تاک لەچاو بەرزبوونەوەی نرخی خەرجییەکان)، (حکومەتەکان ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری کردەی ئابڕووچوون و گەندەڵین)، (ئاستی خزمەتگوزاری گشتی لەبواری تەندروستی و پەروەردە و بیناکردن و چاکسازیی لە دابەزیندایە).

خشتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەگشتی ڕووە و داڕشتنەوە و دەرکەوتنی هێزێکی نوێن، کە ئەو هێزە پتر وەکو هێزی دوای سیاسەتی گلۆبالیزم و سیاسەتی دوای باڵادەستی ئەمەریکا و بەرهەمی قەیرانە ئابوورییەکان و جەنگی سێیەمی ڕانەگەینراون. لە هەمان کاتدا من ناوی لێ دەنێم هێزی نوێی دوای "پیربوونی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزە حوکمڕانەکان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار