بەدەستی ئەنقەست وادەکەین!
4 مانگ لەمەوپێش
شنا فایەق
(هەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەک دەبێ ببێ، لە کارێکدا تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ببێتەهۆی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بە بەندکردنی کاتیی سزا دەدرێت.)
ئەمە دەقی ئەو ماددە یاساییەیە، کە لەلایەن پاتاڵخانەکەی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراوە و ئەمڕۆ سەپاندنی سێ ساڵ زیندانیی بەسەر سلێمان ئەحمەد-دا، بەیاسایی کرد!
بەبێ هەبوونی هیچ کردەوەیەک، هیچ بەڵگەیەک، هیچ دانپێدانان و شاهیدێک، چۆن دەقێکی یاسایی بەسەر کەسێکدا جێبەجێ دەبێت، ئەگەر لە دادگای ژێر چەتری حوکمی چەتە و مافیادا نەبێت؟
ئەوە کام کارەیە، کە (سڵێمان)ی ڕۆژنامەنووس بەئەنقەست ئەنجامیداوە یانیش تێوەگلاوە لە زیانگەیاندن بە "ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی" دام و دەزگاکانتان؟، هەر بەڕاست جگە لە خودی خۆتان، ئەوە کێیە بووەتە مەترسیی بۆ ئاسایشی خاک و خەڵک؟
ئەوە سڵێمان بوو دەبابەی بەعسی بردە ناو پەرلەمان؟، ئەوە سڵێمان بوو شەنگالی ڕادەستی داعش کرد؟، ئەوە سڵێمان بوو ٥١٪ـی خاکی باشووری تەسلیم کرد؟ ئەوە سڵێمانە سوپای تورکی پەلکێشی باشوور کردووە؟ ئەو بووە بە چاوساغی ئیتڵاعاتی ئێران و میتی تورک بۆ تیرۆری وڵاتپارێزان؟ سڵێمان سەروەت و سامانی باشووری هەڕاج کردووە؟، ئەوە سڵێمانە هاوڵاتیانی برسیی و بێ کارەبا و ئاو و سووتەمەنیی کردووە؟، ئەو ڕاوڕووت و تاڵانییەی ٣٥ ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت، سڵێمان ئەنجامیداوە؟!، یان ئەمانە تەنیا دەسەڵاتێکی چەتەگەر توانای ئەنجامدانیانی هەیە.
لە بنەمادا چۆن شەرم ناکەن لە باسکردنی ئاسایش و سەروەریی؟! کامە ئاسایش؟ ئەو ئاسایشەی ڕۆژێک بەر بۆردوومانی درۆنەکانی تورکیا و ڕۆژێک موشەکەکانی ئێران دەدرێت؟ ئەو سەروەرییەی، کە خەڵکی دەرکراوی گوندەکانی بادینان بۆ سەردانێکی چەند کاتژمێریی زێدی خۆیان دەبێت ئیزن لە سوپای تورک وەربگرن؟ ئەو سەقامگیرییەی، کە هەر ڕۆژە و لاشەی ئازادییخوازێک لەبەرچاومان سارد دەکرێتەوە؟ چەندە بێ ئابڕوون ئێوە!
بەڵێ، دانیپێدادەنێین، کە سڵێمان و هەر ڕۆژنامەنووسێکی ئازادییخواز بە دەستی ئەنقەست کار دەکەین بۆ خستنەڕووی ئەو چەتەگەرییەی کە بە پەردەی حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی داتانپۆشیوە.
دانیپێدادەنێین، کە چاوپۆشی لەمێژووی ٧٠ ساڵی پڕ لە جەردەیی، تیرۆر، کوشتن، کۆمەڵکوژیی و سەرنوگومکاریی حزبەکەتان ناکەین و دەیخەینە بەرچاوی خەڵک. تاوانی ٣٥ ساڵەی حوکمڕانییتان ناشارینەوە و یەکە بە یەکەی باس دەکەین، بێ ماندووبوون کار دەکەین بۆ ئەو ڕۆژەی لە دادگای گەلدا، سزای تاوانی دەیان ساڵەتان وەردەگرن، بۆ ئەمەش پێویست بە هیچ سیناریۆیەک ناکات، ئێمە خۆمان دانیپێدادەنێین تێوە نەگلاوین، بەڵکو بە دەستی ئەنقەست ئەنجامیان دەدەین.