شەنگال و پاشای كۆرەو ئەبوبەكر بەغدادی
4 مانگ لەمەوپێش
عەلی مەحمود محەمەد
زیاتر لە 1200 ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن, هەموو ئەو تاوانانەی داعش ئەمرۆ ئەنجامی داوە, بە درێژایی ئەو مێژووە بەردەوام بووە, زیاتر لە 127 جار بە زیاترەوە كۆمەڵكوژییەكانیان دووبارە بووەتەوە "خیری شنكالی : تعریف الدیانە اڵایزدیە للالمان ".
لە ماوەی دوانزە سەدەی رابردوودا ئێزیدییەكان بەردەوام جینۆساید و تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون یان بەخشراون و وەك دەستكەوتی تاڵانی جەنگ دابەشكراون, پیاوان و منداڵانیشیان كراون بە كۆیلە و لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر ئاینیان پێ گۆڕدراوە، یاخود باج و سەرانەی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە" سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە ملیۆن و نیوێك ئێزیدی لە ماوەی نێوان شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی بۆ كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم لە ساڵی ١٩١٩ی زایینی لە لایەن عوسمانی و سەفەوی و عێراق و هەندێك میرو شێخی كوردەوە كوژراون- خیری شنكالی : تعریف الدیانە الایزدیە للالمان ", تەواوی ئەو تاوانانەش كە كراون بەرگی پیرۆزییان بەبەردا كراوە و بە جیهاد و غەزا لە مێژوودا ناوزەد كراون، لەو 73 فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین، پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشدارییان لە زۆربەی تاوانەكاندا كردووە و شانازیشیان پێوەی كردووە، بەشداریەكەیان چ بە شێوەی سەربەخۆ ئەنجامدراون، یاخود لە ژێر ئای سوپای عوسمانی و سەفەوی و عێراقی و ئیتحاد و تەرەقی و...هتد، هەندێك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووە و تاكە بكەر و فەرماندەری تاوانەكان بوون، تەنانەت تاوانەكانیان وەحشیانەترینیان بووە لە مێژوودا، ئەم تاوانبارە مەزنانە لە مێژوودا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە هەژمار كراون و ئێستاش شانازییان پێوە دەكرێت، وەلێ لە دوا فەرماندا، فەرمانی رۆژی چوار شەمە رەشەی 3ی ئۆگستۆسی ساڵی 2014 ەدا، كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سونە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعشدا، بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانەوە تاوانەكانی رابردوویان دوبارە كردەوە، عەقڵی تاكی كوردی دوای سەدەیەك لە گۆڕانكاری سیاسی و رۆشنبیری لە كۆمەڵگای كوردیدا، ئیتر ئێستا زۆرینەی پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە و شانازیكەر نین بە جینۆسایدەوە و تاڵانكەر نین بە ماڵ و ژنی ئێزیدیەكانەوە، ئەو مێژووەی رابردووش بە مێژووی شانازی خۆیان نازانن، بگرە بە پێچەوانەوە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە، بۆ یەكەمجار ئێزیدیبوون دەبێتە شانازی بۆ دەستە بژێرێكی گەل، ئەو چوار شەمە رەشەی 3-8 لە تاوانەكانی داعشدا، بە بەردەم چاوی راگەیاندنەكانەوە کرا، خۆی چەندە رەشە، ڕەش و قێزەونترە بێت، دوا فەرمانی 3-8 دەبێتە دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و كۆی73 فەرمانەكەی پێشوو و كۆی پەلامارەكانی دیكە, لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندوو دەكاتەوە و لە گەڵیدا مێژووش دادگایی دەكاتەوە, دەیانكات بە بەشێكی بێزراو و رەش لە خۆی و مێژوو, مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە, مێژوو قێزەون دەبێت بە درۆ و تاوان, 3ی ئاب لە شانازییەوە دەگۆرێت بۆ دادگاییكردنی مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو, 74 دەبێتە پرۆسەی دادگاییكردنی 73 فەرمانەكەی پێشوو، داعش دەبێتە ئاوێنەی سیمای پیاوە پیرۆزەكانی رابردوو و لە تاوانەكانی ئەودا دادگایی دەكرێنەوە.
لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا بە تایبەت بەشە پیاوەكەی, هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان، كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش، بگرە لە دەنگدانەكەی پەرلەمانی كوردستاندا زیاتر لە 25% دەنگیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان نەدا، كەمینەیەكی زۆر بچوكی كۆمەڵگای كوردی نەبێت، بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە, ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش چواری هەشتی رەش نین، ئیتر شەمەی 3-8-2019، هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن، ئیتر هەموو 3-8ی ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەینەوە، ئیتر فەرمان" لە بنەچەدا وشەیەكی فارسییە بە واتای بڕیار “فەرمانێك، حوكمێك، یان دەستوورێك كە سوڵتانی عوسمانی واژۆی لەسەر كردبێت دێت.”
فەرمانی عوسمانی یاسایەكە كە خودی سوڵتانی عوسمانی فەرمانی پێكردووە و لەلایەن ئەوەوە واژۆ كراوە و كاریگەرە و ناگەڕێتەوە و جێگای رەتكردنەوە نییە، لە پیرۆزییەوە دەبێتە قێزەون.
دەستەواژەی فەرمان بەرگی پیرۆزی لەبەر دادەكەنرێت و دەبێتە ناشرین و بێزلێكراوە, ئیتر هەموو رقمان لە وشەی فەرمانە, ئیتر فەرمان وەك وشەی ئەنفال قێز لێكەرەوەیە, بە رێزگرتن لە قوربانیان مێژووە رەشەكانی هاوشێوەی رابردوو ڕەت دەكەینەوە، ئیتر فتوادەرانی فەرمانەكانیش لە پیرۆزی دەخەین و لە تاوانەكانی داعشەوە دادگاییان دەكەین، هەر بەوەندەشەوە ناوەستین بەڵکو دەڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە 12 سەدەی رابردوودا بەشدار بوون لە تاوانە هاوچەشنەكانی چوار شەمەی رەشدا، ئیتر هەموو 3-8 ێك بووە بە بەشێك لە یاداوەری گەلێك, بووە بە دابڕان لە گەڵ مێژووی 1200 ساڵەی رابردوو و هەر 73 فەرمانەكەی پێشو تر، بووە بە دابڕان لە كلتور و تاوانی داعشیانە.
لە فتواكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( 780-855 م ) ەوە, تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە ("خطیب المفسرین" شیخ الإسلام, مفتی القسطنطینیە)، كە ئێزیدییەكانی بە لە كافر كافرتر ناو زەد كردووە, فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەككردنی ژنانیانی دەردەكرد, هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد، جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژووەوە, ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الئیسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە, بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە, كە سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەكی رەسەنی سەرەكی گرنگ كە ناوی ئێزیدییە هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت، وەك ئەوەی داعش كردی, عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە، چوار سەدەو نیو لەمەوپێش فەتوای دەركرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان, بە پیرۆزیش زانراو كەسیش بە یەك دێر دژی نەوەستایەوە. قڕكردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی 224ی كۆچییەوە, لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە دەستی پێكردووە، وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی 1560 رەوایەتی ئاینی پێ بەخشی و پیرۆزی دا بە قڕ كردنەكە لە بەرگی ئایندا, ئەم فتوایە بووە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ, چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو , سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و تاوان بوو بۆ ئێزیدییەكان, ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا تورك و فارس و عەرەبەكان پێی هەڵنەستان ,لە ساڵانی 1832 و 1834 پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی 1844دا لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان, بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا, دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە, ئەگەر كوردیشن ئەوا دوو جار تاوانبارن, راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە, بۆیە پاشای كۆرە ئیتر پاڵەوانە مێژووەكە نابێت ببێت, ئەو بكەری تاوانی گەورەیە و دەبێت دادگاییبكرێت, ئەو لە مێژوودا تاوانباری جینۆسایدە.
داعش و پاشای كۆرە, كامیان تاوانبارترن؟
داعش 6417 كەسی لە ئێزیدییەكان رفاند لەوانە نزیك 3600 كەسیان تاكو ئێستا گەڕاونەتەوە, واتا 2783 كەسیان ماون و شوێنبزرن, 1397 كەسیشی كوشتووە, بەلام پاشای كۆرەی رەواندز كە بە ویقارەوە پەیكەرەكەی لە رەواندزە, زیاتر لە 95%ی ئێزیدییەكانی كوشتووە و بە كەنیزەك كردووە, لە كۆیەوە بۆ سەر زێی گەورە یەك كەسیانی لەسەر ئەو جوگرافیایە نەهێشتووە" ایاد جلال بابان یعید افتراوات المندوب السامی البریطانی-صباح كنجی".
هێنری لایارد (شوێنەوارناس 5-3-1817 پاریس بۆ 5-7-1984)، كە ڕۆڵی هەبووە لە وەستاندنی كۆمەڵكوژییەكە لە ئاستانەی پایتەختی عوسمانی، باسی لەوە كردووە كە نزیكەی سێ لەسەر چواری دانیشتوانی ئێزیدی لە شاخ، كوژراون. لە پەلامارەكەی پاشای كۆرە تاڵان و كوشت و بڕی ناوچەكانی شێخان و قوش و ئاكرێ و دەشتی موسڵ و كەڵەك و حەریر و چیای مەقلوبی .. گرتەوە, بەشێوەیەك دوو میرنشینی ئێزیدیی كوشتوبڕ كران و لەناو بران, باس لە كوشتنی 135000 كەس و بە دیل و سەبایە كردنی 10000 كەس دەكرێت كە عەلی بەگی سەرۆكی ئێزیدییەكان لەناو دیلەكاندا بووە و دواتر بەدیلی كوشتوویانە, لەو شاڵاوەدا پاشای كۆرەی رەواندز 500 كچی جوانی ئێزیدی پێشكەش بە ئەمیرەكانی بابان و پشدەر و كۆیە كرد و ئەوانی دیكەی بەسەر موجاهدینەكاندا دابەش كرد.
ئەگەر چەندە زێدە رۆیی لە ئامارەكاندا كرابێت, وەلێ خۆ ئەوە راستە تاوانەكانی پاشای كۆرە چەند هێندەی تاوانەکەی داعش بووە, بهێننە پێش چاوی خۆتان پەیكەر بۆ ئەبو بەكر بەغدادی دروست بكرێت؟ چەندە بە ئازار دەبێت, ئەگەر دەمانەوێت ئێزیدییەكان ئاشت بكەینەوە و ئەوا پێویستە لە پەیكەرەكەی پاشای كۆرەوە دەست پێ بكەین و داوای لێبوردنیان لێ بكەین, ناوچەكانیان لە گۆڕینی دیموگرافی بپارێزین و چەند كورسییەكی كۆتاشیان لە پەرلەمانی كوردستاندا وەك دەستپێك بۆ تەرخان بكرێت.