سوپاس و سوپاسنامە
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هیچ شۆڕشێک هێندەی شۆڕشی کورد خەڵکی سوپاسباران نەکردووە.
دوای ڕاپەڕین سودی دەسەڵاتداران بۆ جوتیاران چی بوو؟
کێن ئەوانەی سوکایەتی بە خەباتگێڕە دێرینەکان دەکەن؟
سوپاس و سوپاسنامە
لە سەردەمی سەركردایەتی بێناسنامەدا!
✍️مامۆستا جهعفهر
سوپاس: وشەیەكی مۆسیقی زۆر جوان و سیحراویە. لە سەردەمی ساسانیەكانەوە بەكاردێت. ڕوسەكانیش (سوپاسیڤا)یان لە سوپاس و سوپاسگوزاریەوە بۆ ماوەتەوە .
من بڕواناكەم هیچ شۆڕشێك ئەوەندەی شۆڕشەكەی خۆمان خەڵكی سوپاسباران كردبێت. سەعات دەی شەو، بە تاقم و تفەنگ و جلو بەرگی چڵكن و پڵكن و ریشی درێژی بژبژ و دەنگێكی گڕەوە ، خۆمان بە ماڵە جووتیارێكی هەژار و داماودا دەكرد؛ زوو نان و چایان بۆ دادەناین. لێفە و سەرینمان لێوەردەگرتن و رووە و مزگەوت دەرۆیشتین! جووتیارەكان بە دڵ و بەگیان خزمەتی پێشمەرگەیان دەكرد. لە هەركوێ بووینایە دەنگوباسی جوڵانەوەی سوپا و جاشیان پێڕادەگەیاندین. ژنەكانیان جلوبەرگە چڵكنەكانیان بۆ دەشتین. ئێمە سوپاسمان دەكردن. رۆژی هەزار جار سوپاسمان دەكردن.
(ئای سوپاس بتدەم بە شەكر، بە چا ... بە خورما و قەسپ، یان مرەبا...)، لە سۆنگەی هەڵوێستی جوامێرانەیان، جاش و عەسكەر ئازاریان دەدان. ئێمە لە سوپاسكردندا زۆر بەخشندە و دڵفراوان بووین .
پاش راپەڕین! پاش ئەوەی دەسەڵات كەوتە دەست خۆمان. سوودی ئێمە و حكومەتی هەرێم بۆ جووتیارەكان چیبوو؟
پلانێكی نازانستیانەی ئەوتۆ دانرا، زۆربەی زۆری دێهات و شارەدێكان چۆڵكران. (ئێرە جێگای شیكاری كارەساتەكە نییە).
ئەمە تاجەگوڵینەی (سوپاس)ی سەركردایەتی سیاسی و چینی مشەخۆر بوو بۆ جووتیارە هەژارەكان، كە لەسەر ئێسك و پروسكی ئەوان، شۆڕش توانی درێژە بكێشێت !
سەركردایەتی كۆن! جار جار سەردانی جووتیارانیان دەكرد. جار جاریش لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنیەوە، لە بنلێوەوە (سوپاس )ێكی دێهاتەکانی كوردستانیان دەكرد.
سەركردایەتی نوێی یەكێتی، كە بەشێکیان وەكو (سانای مام یوسف) و (ناسلی) و (هێلی لۆڤ) زمانی كوردییان، بە مۆسیقا و ئاوازی ئینگلیزی و ئەمریكی و فەرەنسی، لە زار دێتە دەر. هۆش و گۆشیان لای شەقام و كڵەپ و یانە شەوانەكانی (كاردێڤ) و (نیوكاستل) و (لیڤەرپوول)ـە. لە كوێ لە ئازاری دانیشتوانی (مچەكوێر) و (هۆمەرقەوم) و (كوڕیگەپڵە) تێدەگەن؟
سەركردایەتی نوێ، كە زۆربەیان مێژوو لە ئامێزی نەگرتوون، پێگەی جەماوەرییان لە نێوان (سلێمانی پاڵاس) و (گراند ملینیۆم) قەتیس كراوە. جگە لە دانانی پەیج و ماڵپەڕی بێ دایك و باب هیچ بەرهەمێكی بینراو و نەبینراویان لە كونی هەتیتەشەوە بەر چاوان ناكەوێت. ئەمانە ئەوپەڕی سووكایەتی بە خەباتی تێكۆشەرە دێرینەكان و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان و ئەنفالكراوەكان و كەمئەندامانی سەنگەر و نووسەر و رووناكبیرانی بوێر دەكەن .
ئاستی بەرپرسیارێتی و شەهامەت لای هەندێك لەمانە - ناڵێم هەموویان - هەر ئەوەندەیە: بە هەزاران ئەندام و كادر و سەركردەی دڵسۆز، بە نووكە قەڵمێك رەوانەی ماڵەوە كراون، نیمچە سوپاسێكی لیكن و چڵكن و چڵمن، بە ڕەوا نەزانراوە لەسەر زمانیان بەربێتەوە .