نەخۆشخانەکەی ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆچی سزادرا؟

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێکانی پێش بانگەشەی هەڵبژاردن، لە هەولێر نەخۆشخانەیەک کە خاوەندارێتییەکەی بۆ ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ دەگەڕێتەوە، سزا دەدرێت، قایمقامیەتی هەولێر دەڵێت ڕێوشوێنێکی یاساییە و میدیای یەکێتیش گومان دەخاتە سەر بڕیارەکە.

قایمقامی هەولێر ڕایدەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک سەرپێچیی تەندروستی، لە نەخۆشخانەی پار لە هەولێر تۆمارکران نەشتەرگەری تێدا قەدەغە كراوە و دەرمانخانەكەشی دادەخرێت.

میدیاکانی نزیک لە پارتی بڵاویانکردووەتەوە کە دوای ئەوەی ژمارەیەک لە کەسووکاری نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی پار تێبینی چەند سەرپێچییەكی مەترسیداریان لە تەندروستی نەخۆشخانەکە دەكەن، دوای ئەوەی لیژنەیەکی تایبەت سەردانی نەخۆشخانە دەکات دەردەكەوێت، تێبینییەكانی کەسووکاری نەخۆشەکان ڕاستن و سەرپێچیی زیاتریش هەیە.


بە پێی زانیارییەکان لیژنەیەكی تایبەتی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی لەناكاو چوونەتە نەخۆشخانەی پار لە شاری هەولێر و  دوای بەدواداچوون بۆیان دەردەكەوتووە كە لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەكەدا دەرمانی بێ ستیكەر هەبووە وەک قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەها ئەو سۆندەیەی كە بۆ سینگ و لووت و نێو برین لە كاتی نەشتەگەری بەكاردەهێنرێت، چەند جارێک بەكارهێنراوەتەوە، لەكاتێكدا دەبێت دوای جارێک فڕێ بدرێت.

هاوكات بەپێی ڕێنماییەكانی كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، هەر کۆمپانیا، کۆگا و دەرمانخانەیەک پابەندی ستیکەری نوێی دەرمان نەبێت دوو ملیۆن تاوەكو 10 ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دەدرێت.


قایمقامیەتی هەولێر بە میدیاکانی نزیک لە پارتی وتووە  رێکارەکان پەیوەندییان بە نێوان یەکێتی و پارتییەوە  نییە،"پێشتریش ژمارەیەک هۆڵی نەشتەرگەری و نەخۆشخانەش لە هەولێر بەهۆی ناپابەندی بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی داخراون و ئەمەش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.


نەخۆشخانەکە لە مانگی شوباتی ساڵی 2013 دامەزراوە، زیاتر لە 10 بەش و 100 پزیشک و زیاتر لە 200 کارمەندی تەندروستیی تێدایە.

ناوی نەخۆشخانەکەش لە پیتەکانی یەکەمی "پێشڕەو، ئاراس، رێباز"ەوە وەرگیراوە کە سێ کوڕی کۆسرەت رەسووڵ بوون و بە هۆکاری جیا کۆچی دواییان کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار