شارەزایەكی نەوت بۆ هاوڵاتی: پێویستە هەموو نەوتی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی سۆمۆدا بێت
11 كاتژمێر لەمەوپێش
بیلال خەلیفە
- ناوەڕۆكی ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی هەریم و حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ شیكردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی دەستور.
-بڕگەی 112 لە دەستوری عێراقی رونیكردووەتەوە كە حكومەتی فیدڕاڵی بەشدار دەبێت لەگەل حكومەتی هەرێم بەڕێوەبردنی چاڵە نەوتیەكان.
بیلال خەلیفە شارەزای عێراقی لە بواری نەوت رایگەیاند ناوەڕۆكی ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی هەریم و حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ شیكردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی دەستور.
ئەو شارەزا عێراقیە تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند بڕگەی 110 لە دەستوری عێراقی باسی لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكات و دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی روندەكاتەوە ، هەروەها بڕگەی 111 دەری دەخات نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە.
وتيشى: بڕگەی 112 لە دەستوری عێراقی رونیكردووەتەوە كە حكومەتی فیدڕاڵی بەشدار دەبێت لەگەل حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگاكان بۆ بەڕێوەبردنی چاڵە نەوتیەكان.
رونیشیكردەوە سەبارەت بە ناكۆكی نێوان حكومەتی فیدرٍاڵی حكومەتی و هەرێم لەسەر شیكردنەوەی بڕگەكانی دەستور چارەسەرەكە خۆی لەیەك خاڵدا دەبینێتەوە، ئەویش پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازە .
باسی لەوەشكرد دواجار بەپێی دەستور نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقه و حكومەتی فیدڕاڵیش نوێنەرایەتی گەلی عێراق دەكات و كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆ رێگەپێدراوە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە و پێویستە هەموو نەوتی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی سۆمۆدا بێت.