وەزارتی خوێندنی باڵا: زانکۆیەکی پزیشکی لە سلێمانی وکۆلێژی پزیشکی لە هەولێر دەکرێنەوە
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- زانکۆیەکی تایبەت بە پزیشکی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە هەولێر دەكرێنەوە.
- بڕیاریدا بە پێکهێنانى لێژنەیەک بەمەبەستى ئامادەکردن و نوسینەوەى پرۆژەى ڕەشنوسى سەربەخۆیى زانستى و کارگێرى و دارایی و یاسایی زانکۆکانى کوردستان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند زانکۆیەکی تایبەت بە پزیشکی لە سلێمانی و کۆلێژی پزیشکی لە هەولێر دەكرێنەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویكردەوە، لەسەر داواى د. ئارام محەمەد قادری وەزیر، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاریدا بە ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەت بە بوارى پزیشکى لە سلێمانى هەروەها كردنەوەی ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجومەنى وەزارەت بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر کۆبونەوە و پرسى سەربەخۆى زانکۆکان، داهاتى زانکۆکان، کردنەوەى راوندێکى نوێى خوێندنى باڵا، بەردەوامى داشکانى کرێى خوێندن، تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندکاران و قوتابیانى خوێندنى باڵا، بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى و چەند تەوەرێکى دیکە گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر پێشنیازى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پێشوازى ئەندامانى ئەنجومەن لە پێشنیازەکە، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا بە ڕاسپاردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەتمەند بە بوارى پزیشکى لە شارى سلێمانى، بەهۆى پێویستى زۆرى ناوچەکەو هەرێمى کوردستان بە کادرى تەندروستى و پزیشکى لێهاتو بە کواڵيتى بەرزى خوێندن، هەروەها ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە سەربەخۆیى زانکۆکانى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە پێکهێنانى لێژنەیەک بەمەبەستى ئامادەکردن و نوسینەوەى پرۆژەى ڕەشنوسى سەربەخۆیى زانستى و کارگێرى و دارایی و یاسایی زانکۆکانى کوردستان، بەو ئامانجەى زانکۆکانى کوردستان لە چوارچێوەى ئەم پرۆژەیەدا دەرفەتى زیاترى گەشەسەندن و پەرەپێدانى تواناکانیان هەبێت لە گشت بوارەکاندا.