کورتهێنان بۆ پارەى مووچەى فەرمانبەرانی هەرێم دروستبووە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

-چارەسەرکردنى مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەمى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەبەردەم تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵە.

- پێشنیازى چارەسەرى کورتهێنانى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خراوەتە بەردەست تەیف سامى، بۆ ئەوەى رەزامەندى بدات لەسەر گواستنەوەى پارە بۆ مووچە لە چوارچێوەى مووچەى بەکاربردن.

 

چارەسەرکردنى مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەمى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەبەردەم تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵە بۆ یەکلاکردنەوەى کورتهێنانى ئەو پارەیەى بۆ مووچە دروستبووە.

سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە پێشنیازى چارەسەرى کورتهێنانى پارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خراوەتە بەردەست تەیف سامى، بۆ ئەوەى رەزامەندى بدات لەسەر گواستنەوەى پارە بۆ مووچە لە چوارچێوەى مووچەى بەکاربردن.

 لە خشتەى بودجەى 2024، پشکى هەرێمى کوردستان بە 20.9 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، لەوە 14.8 تریلیۆن دینارى بۆ بودجەى بەکاربردنە و لە چوارچێوەى ئەو بەشەدا 9.5 ترلیۆن دینارى بۆ مووچەیە.

 رەزامەندى دەربڕینى وەزیرى دارایی فیدراڵ بۆ گواستنەوەکە بۆ ئەوەیە؛ کورتهێنانى پشکى پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات بۆ ئەو مانگانەى ماون، کە لە دەسەڵاتى ئەو وەزیرەدایە.

 بەگوێرەى بڕگەى یەک لە مادەى پێنجى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، وەزیرى دارایی دەسەڵاتى گواستنەوەى پارەى هەیە لەنێو ئەو بڕە پارەیەى لە بودجەدا دیاریکراوە لەسەر ئاستى دەروازە، بەش و ماددەکانى.

 

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارى لەلایەن بەغداوە بۆ مووچە بۆ نێردراوە، لە کاتێکدا بڕى 1.1 تریلیۆن دینار لە خشتەى بودجە دیاریکراوە، کە قەرزە و دەبێت لە پشکى هەرێمى کوردستان ببڕدرێت

 بەگوێرەی یاسای بودجەى گشتى، دەبێت هەرێمى کوردستان داهاتى ناوخۆ رادەست بکات وەک مەرجێک بۆ ناردنى پشکەکەى لە بودجەى گشتى دا، ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بە پێنج گوژمە 399 ملیار و 166 ملیۆن دینارى رادەست کردووە، وەک 50%ـى داهاتى ناوخۆیى نانەوتى بۆ پێنج مانگ.

 بۆ مووچەى مانگێک، هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانەوە، ناردنى تەواوى مووچەى مانگى تشرینى یەکەم لەلایەن بەغداوە پێویستى بە گواستنەوەى پارەیە کە بەشێکى کورتهێنانى دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار