بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: دانیشتوانی دەرەوەی عێراق بێبەش نابن لە سەرژمێری
2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی
-پێشوازیەکی باش لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە پرۆسەی سەرژمێری دەکرێت.
- دانیشتوانی دەرەوەی عێڕاق بێبەش نابن لە سەرژمێری.
شوان جەبار بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی رایگەیاند، لە ئاستی باڵا پلان دانراوە بۆئەوەی هاووڵاتیانی تاراوگەنشین بێ بەش نەکرێن لە پرۆسەى سەرژمێریکردن و لە قۆناغی دووەمدا لە ڕێگەی باڵوێزخانەی عێراقەوە ئەو هاووڵاتیانە سەرژمێر دەکرێن.
بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی و ئەندامی یاریدەدەری سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، کوردانی تاراوگە کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن حکومەتی عێراق و هەرێم هەماهەنگیان کردووە کە لە ڕێگەی سەفارەتەکانی خۆیەوە پرۆسەی سەرژمێری لە دەرەوەی خاکی خۆی بۆ ئەو کەسانە بکات لە قۆناغی دووەمدا دوای کۆتایی هاتنی لە عێراقدا، بەشیوازێک ڕەنگە بە چەند ڕێنماییەک ئەنجام بدرێت، واتە دانیشتوانی دەرەوەی عێڕاق بێبەش نابن لە سەرژمێری.
وتیشی: سەرژمێریەکە زۆر وردە و هەموو شتێکی تێدا یەکلا کراوەتەوە، تەنانەت باس لە قۆناغی نیشتەجێبوونی پێشتری دەکرێت، لە کام شارەوە هاتوویت؟ ئەوەش تۆمار دەکرێت و هۆکاری گۆڕینی پارێزگاکەی دیاری دەکرێت، واتە دیموگرافی هیجرە لە عێراق دەستنیشان دەکرێت، کەواتە عێراق دەبێت مشووری ئەو هاووڵاتیانەی بخوات کە لەدەرەوە دەژین و تەنها کورد نین، بۆیە لە قۆناغی دووەمدا بە پلان سەرژمێری ئەوانیش ئەنجام دەدرێت.
رونیشیكردەوە وێرای ئەوەی پرۆسەی سەرژمێریکردن زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت ،پێشوازیەکی زۆر باش لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە پرۆسەکە دەکرێت.
بڕیارە ڕۆژی 20ی مانگی 11ی 2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام بدرێت، تیمەکانی سەرژمێری سەرقاڵی پرۆسەکەن و ئێستا لە قۆناغی دووەمدان، کە لە 17ی مانگەوە پرۆسەی گەڕان بە گەڕەکەکاندا دەستی پێکردووە و وابڕیاریشە لە قۆناغی کۆتاییدا، ڕۆژەکانی 20 و 21 ی مانگ بکرێتە قەدەغەی هاتوچۆ، بەمەبەستی مانەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەکانیاندا و ئەنجامدانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دروست.