وەزیری داد داوا لە کەرکوکییەکان دەکات بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خالید شوانی
- داوا لە کەرکوکییەکان دەکەم لەهەر شوێنێکن بگەنەوە شاری کەرکوک.
- پێویستە كەركووكیەكان لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان زامن بکەن.
خالید شوانی وەزیری دادی حکومەتی عێراق داوا لە کەرکوکییەکان دەکات، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بەشداری لە سەرژمێریدا بکەن.
وەزیری دادی حکومەتی عێراق لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، داوا لە کەرکوکییەکان دەکەم لەهەر شوێنێکن ئەم چەند کاتژمێرەی کە ماوە بگەنەوە شاری کەرکوک و بە بەشداریکردن لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، داهاتووی خۆیان و نەوەکانیان زامن بکەن.
وتیشی، شانازی بە کەرکوکیبوونی خۆمانەوە دەکەین سبەینێ کە سەرژمێرییە، کاتی ئەوەیە ئەو شانازییە لەسەر کاغەز و تۆمارەکانی سەرژمێریی ساڵی 2024 تۆماربکەین.
باسی لەوەشکرد، وەک چۆن ئێمە شانازی بە باپیرانمانەوە دەکەین کە لە سەرژمێریی ساڵی 1957 بەشداربوون، نەوەکانیشمان شانازی بە ئێمەوە دەکەن کە لە سەرژمێریی 2024 بەشداردەبین.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەبێت هاوڵاتییان ئەوە بزانن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و داتاکانی لە داهاتوودا بەکاردەهێنرێت، پێویستە ئەوانەی دانیشتووی هەرێمی کوردستانن هاوکاریی بژمێرەکان بن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد دەشكێتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "شەڕی ئێمە لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانە، داوا لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکەین ستەم لە خۆیان و لە مێژوویان و لەو میراتەی باو و باپیرانیان بۆیان جێهێشتوون نەکەن، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دەبێت هەر کەرکوکییەک لە هەر شوێنێک بێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی.