یەکێتیی پیاوان بۆ هاوڵاتی: قەیرانی دارایی هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دژ بە پیاوانە لە هەرێم
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بورهان عەلی فەرەج
-هۆكاری سەرەكی توندوتیژی ژنان دژ بە پیاوان لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ئابوری.
- ئەو پارەیەی وەریدەگرێت نیوەی پێداویستیەكانیان پڕناكاتەوە، بۆیە سوكایەتی و بێڕێزی پێدەكەن.
بورهان عەلی فەرەج سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان راێگەیاند هۆكاری سەرەكی توندوتیژی ژنان دژ بە پیاوان لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ئابوری.
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان لە لێداونێكی تایبەت بە بۆنەی رۆژی پیاوان بە هاوڵاتی راگەیاند زیادبونی پێداویستیەكانی خێزان و قەیرانی دارایی و ئابوری كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر زیادبونی توندوتیژی دژ بە پیاوان، كاتێك كۆمەڵگا بە قەیرانی دارایی و ئابوریدا تێپەڕدەبێت و پیاو بێكارە و بێ مووچەیە ئەبێتە هۆی زیادبونی كێشە خێزانيیەكان، هەروەها گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتییەكان و تێكەڵبونی كلتوری دابونەریتە كۆمەڵایەتیەكان وایانكردووە كێشە خێزانیيەكان بەرەو زیادبوون بڕۆن.
وتیشی: پیاو دووجار دەچەوسێتەوە، جارێكیان لەدەرەوە لەلایەن خاوەن كارەكەیەوە كە لەبەر ئەوەی كۆمەڵگا بە قەیرانێكی ئابوری و داراییدا تێپەر دەبێت و لەبەر بژێوی خێزانەكەی هەموو توندوتیژیەك لە خاوەن كارەكەی قبوڵ دەكات، لەبەرامبەریشدا ئەو پارەیەی وەریدەگرێت بەشی بژێوی خێزانەكەی ناكات و نیوەی پێداویستیەكانیان پڕناكاتەوە، بۆیە خێزانەكەشی رێزی لێناگرن و سوكایەتی و بێڕێزی پێدەكەن.