ئازاد دۆسكی: سەرژمێری هیچ پەیوەندى بە ماددەی 140ی دەستوریەوە نییە
13 كاتژمێر لەمەوپێش
ئازاد دۆسكی
-بەپێی دەستوری عێراقی دەبوو سەرژمێری لەساڵی 2005 بكرايه.
- سەرژمێری هیچ پەیوەندی بە ماددەی 140ی دەستوریەوە نییە.
- سەرژمێری پەیوەندی بە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.
ئازاد دۆسكی راوێژكاری دەستوری رایگەیاند بەپێی دەستوری عێراقی دەبوو سەرژمێری لەساڵی 2005 بكرایە بەڵام لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە زۆر دواخرا.
ئازاد دۆسكی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند ساڵی 2009 بودجە بۆ سەرژمێری تەرخانكراوە لە ناو یاسای بودجەدا، بە ملیارەها دینار تەرخانكراوە بۆ سەرژمێری، بەهەمان شێوە ساڵی 2010 بودجەی بۆ تەرخانكرا و بەهۆكاری سیاسی ئەنجامنەدرا.
وتيشى: ئەم سەرژمێریە تەنها بۆ زانینی رێژەی دانیشتوانە و لەدوور و نزیكەوەی پەیوەندی بە مادەی 140 دەستورەوە نیە و دادگای فیدڕاڵیش دڵنیایی داوە كە دوو شتی جیاوازن، بەڵام سەرژمێری پەیوەندی بە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چونكە بەپێی دەستور دەبێت لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان بێت.
بە بۆچونی ئەو راوێژكارە دەستوریە لەبەر ئەوەی سەرژمێری بەپێی دەستور لەكاتی خۆیدا ئەنجامنەدراوە، هەڵبژاردنەكان پشتیان بەداتای دروستی دانیشتوان نەبەستووە و هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لەعێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون نادەستورین و لەمبارەیەشەوە سكاڵای لەدادگای فیدڕاڵی لەسەر سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق تۆماركردووە.