هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق:

مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە

شێرکۆ کرمانج

2 هەفتە لەمەوپێش



هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق:

مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە

 

شێرکۆ کرمانج

 

عێراق وڵاتێکە کە کەمترین سەرژمێریی لێکراوە بەڵام هەرکاتێک کرابێت، زۆرترین گەمە لەگەڵ زانیارییەکان کراوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەکارهاتووە. ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارەی ٢٠٢٤، گوایە ناسیاسییە و زانیارییەکان بۆ پلاندانان بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەکاردێن، بەڵام من پێموایە ئەمجارە زۆر لە جارانی پێشووتر، مەرامی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە پشتەوەیە. لەم کورتەبابەتەدا، بە خێرایی هۆکارەکانی دانەنانی پرسیاری نەتەوە و مەزهەب دەخەمەڕوو، لەوێشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە پلانی سیاسیی و مەزهەبگەرایی لە پشت ئەم سەرژمێرییەوەن. هاوکات مەترسییەکانی سەر کورد لە بوون لە عێراق-دا گفتوگۆ دەکەم.

سەرەتا با باسی ئەوە بکەین کە بۆچی مەزهەب لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا نەنووسراوە؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت بزانین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چ گۆڕانکارییەک بەسەر دیموگرافیای شیعە لە عێراق-دا هاتووە.

یەکەمین سەرژمێریی لە عێراق لە ١٩٢٧ کراوە، بەڵام زانیارییەکانی ورد نەبوون و پرسیاری نەتەوە نەکراوە، بەڵام دین و مەزهەب هەژمار کراون. هەر چۆنێک بووبێت، زانیارییەکان هەندێک ئاماژە نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لەو سەروبەندەدا کۆی دانیشتوانی بەغدا ٢٥٠ هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیە سوننەکان ١٣٠ هەزار کەس بوون (بە ڕێژەی ٥٢٪)؛ شیعەکان ٥٤ هەزار کەس بوون (بەڕێژەی نزیک لە ٢٢٪)، جووەکان ٥٠ هەزار کەسێک بوون (بەڕێژەی ٢٠٪). دیارە بەشێکی زۆر لە شیعەکان کوردە-فەیلییەکان بوون، واتە شیعەی عەرەب هەر ئێجگار کەم بووە (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).

بابزانین لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە چی بەسەر دێت. لە ساڵی ١٩٥٧، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا لە ٢٥٠ هەزارەوە بەهۆی کۆچ لە دێهات و شارەکانەوە چوارهێندە زیاد دەکات و بە نزیکەیی دەبێتە ٨٠٠ هەزار. ئەمەش زیادبوونی ژمارەی شیعەکانی لە بەغدا لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی شیعە لە ٢٢٪ وە بۆ نزیکەی ٥٠٪  زیاد بکات (تەماشای کتێبەکەم "شوناسی عێراق" بکە، ل. ١٧٧). وەک ئاگادارن شەڕی شیعە-سوننە لە ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠٠٨ بووە مایەی دەرپەڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان لە عێراق بەگشتی و لە بەغدا بەتایبەتی. بۆیە وەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٩ دەردەکەوێت، چیدیکە بەغدا شارێکی زۆرینە سوننە نییە بەڵکوو شارێکی شیعەنشینە، بەزۆرینەیەکی ڕەها. لیستە سوننییەکان بەسەریەکەوە تەنیا ١٦٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان بردەوە، لەبەرابەردا لیستە شیعییەکان ٧٠٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان مسۆگەرکرد. لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١، هەر دوو لیستی سوننە، عەزم و تەقەدوم، بەسەریەکەوە ١٧٪ دەنگەکانی بەغدایان بردەوە و شیعەکانیش زیاتر لە ٨٢٪. هەموو ئەمانە کەم تا زۆر ئاماژەن کە ڕێژەی شیعە لە بەغدا لە سەد ساڵی ڕابردوو لە نزیکەی ٢٠٪ ەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٪ بەرزبۆتەوە. ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار زۆرە، واتە بەغدا لە شارێکی سوننەنشینەوە بووە بە شارێکی شیعە. هەر کەسێک بەغدای لە چەند ساڵی ڕابردوو دیبێت، بە ڕوونی هەست بەوە دەکات. من خۆم ئەمساڵ دوو جار سەردانی بەغدا-م کردووە.

لێرەوە دەزانین کە بۆچی پرسیاری مەزهەب لە فۆرمی دوا سەرژمێریی لە عێراق دەرهێنراوە، چونکە ئەگەر پرسیاری مەزهەب کرابا ئەوا ژمارە و ڕێژەی سوننەی هەم لە عێراق و هەم لە بەغداش دەردەخست کە چەندە کەمی کردووە. ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری لێ دەکەوتەوە نەک هەر لەناو عێراق، بەڵکوو لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیشدا. سوننەکان لە هەر کوێیەک بن دەیان پرسی "بەغدای هاڕونە ڕەشید"، واتە بەغدای سوننەکان، بۆ وای بەسەر هات. ئەوە بێجگە لەوەی کە زانیارییەکان نیشانی دەداین کە چۆن شار و پارێزگا سوننەکان بەشیعەکراون، چۆن بەسرە لە سوننە خاڵی کراوەتەوە، چۆن سامەڕا و تەلەعفەر بەتەواوی بە شیعەکراون و ئامادەیی بۆ بەپارێزگاربوونیان دەکرێت، واتە پرۆسەی تەشەیوع لە عێراق دەردەکەوت. هاوکات، ئەگەر داتاکان یارییان لەگەڵدا بکرێت، کە من ئەوە بە ئەگەرێک دەزانم، ئەوە لە غیابی نەتەوە و مەزهەبدا بەدیارناکەوێت گەمەکە بە قازانجی کێ کراوە. بە دوو وشە، مەزهەب نەنووسرا تاوەکوو پڕۆسەی بەشیعەکردنی عێراق بشاردرێتەوە.

بۆ دەرکەوتنی ژمارە و ڕێژەی کوردیش ئەمە هەر ڕاستە. ڕێژەی کورد لە عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە لە کەمبوونەوەدایە. لە یەکەم سەرژمێریی باوەڕپێکراو لە عێراق-دا، بەپێی سەرچاوەکان دەردەکەوێت، ڕێژەی کورد لە عێراق ساڵ بە ساڵ کەم دەکات. لە ساڵی ١٩٤٧ ڕێژەکە زیاتر لە ٢٨٪ بووە، تا ١٩٨٧ بۆ کەمتر لە ٢٢٪ دابەزیوە. لە ساڵی ١٩٩٧ ڕێژەکە کەم دەبێتەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٪. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، تا ماوەیەک بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٧٪ دیاری دەکرا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە بەراورد بە عێراق لەو دەوروبەرەدایە. ئەگەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێمیش هەژمار بکەین ڕێژەکە دەگاتەوە بە نزیکەی ٢٠٪ . واتە لە ساڵی ١٩٤٧ وە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ کورد لە عێراق بە ڕێژەی ٨٪ کەمی کردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەردەوام ڕێژەی کورد لە عێراق لە دابەزیندایە.

نازانم بڵێم خۆشبەختانە یان بەدبەختانە، لە دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١وە، دۆخی خەڵکی کوردستان و ئاستی ڕۆشنبیریی و پەروەردە و خوێندنی کوردستانییان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عەرەبی عێراق زۆر باشتر و بەرزترە. ھیچ شتێک ئەوە نەسلمێنێت، ڕێژەی گەشەی دانیشتوان، کەمیی ژمارەی منداڵ، ئەوە دەسەلمێنێت. ھەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوو بوو، خێزان بچووکتر دەبێتەوە تێیدا، چونکە ژمارەی منداڵ کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کوردستان بە بەبەراورد لەگەڵ عێراق بە زەقی ڕوویداوە. بۆیە ڕێژەی عەرەب بەردەوام لە زیادبوون و کورد لە کەمبوونەوەدایە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2017 دا ژمارەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن، کە تەنیا 5 ملیۆن و 755 هەزار کەسیان لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن. واتە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ١٧٪ لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ ١٥.٥٪ دابەزیوە لە ساڵی ٢٠١٧ دا. لەم سەرژمێرییەدا، من مەزەندە دەکەم، کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ دەوروبەری ١٣٪ لە دانیشتوانی عێراق دابەزێت.

بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان، بۆ بۆکسی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریی لادرا. من پێموایە هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:

یەکەم/ ئەگەر نەتەوە لە فۆرمەکاندا بنووسرایە، ئەوە هەموو کوردێک دەیزانی کە نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی جددی دروست دەکرد لەسەر ئاڕاستەکانی هەرێم لە دواڕۆژدا، جا چ لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا بێت، یاخود لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بێت، ڕاپرسی بێت لە هەرێم بۆ سەربەخۆیی یان هەر پرسێکی دیکە.

دووەم/ عێراقییەکان نایانەوێت کوردستانییان بزانن کە ئەو ملیۆن عەرەبە، کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە دواڕۆژدا لە هەر ڕاپرسییەک بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراقیدا، لەوانەیە ئاڕاستەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێم (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بگۆڕێت بە قازانجی شیعە و سوننە، واتە عەرەب لە عێراق-دا. لەبیرتان نەچێت بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق ئەگەر سێ پارێزگا بە پێچەوانەی هەموارکردنەکە دەنگ بدەن ئەوە هەموارکردنەکە ڕەت دەکرێتەوە. بە زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دواڕۆژدا ئەم ئەگەرە دێتەگۆڕێ، ئەمڕۆش نەبێت سبەی ڕوو دەدات.

سێیەم/ عێراقییەکان نایانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن کە نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەب تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا لە کەرکووک و دەورەبەری نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەو ژمارەیە لای زۆر کەس زانراوە بەڵام بە فەرمیبوون و بە دەرخستنی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمییەوە دەنگۆی کاردانەوەی زیاتری لێ دروست دەبوو، بۆیە نەیانویست خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت.

چوارەم/ خانەی نەتەوە هەبا، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان دەردەکەوت کە ڕێژەی کورد لە عێراق لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە ٢٨٪ وە کەمبۆتەوە بۆ نزیکەی ١٣٪، واتە لە نیوە زیاتر کەمی کردووە. ئەمەش وای دەکرد کە ترسێکی گەورە لەنێو کوردستاییان دروست بکات، بەوەی مانەوەیان لەناو عێراق-دا مایەپووچە و ئەگەرەکانی لاوازبوونی پێگەی کوردستانیان دێنێتەگۆڕێ، کە ئاماژەکانی بە زەقی لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە.

پێنجەم/ کەمبوونی ژمارە و ڕێژەی کوردستانییان لە عێراق-دا، دوو بەرئەنجامی ئێجگار ترسناکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەی پێشووتر ترسناکتر، کە خۆیان لە کەمبوونەوەی بودجەی تەرخانکراو بۆ هەرێم و داکشانی ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکاندا بۆ پارێزگا کوردستانییەکان دەبینێتەوە.

با زیاتر لەم پرسە بڕوانین، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2005دا، کوردستانیان ٥٨ کورسیان لە ٢٧٠ کورسی تەرخانکراو بۆ عێراق بردەوە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە زیاتر لە ٢١٪ بوو). لە خولی دووەمدا لە ساڵی 2010دا، سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ  325کورسی، کەچی ژمارەی کورسییە براوەکانی کوردستانیان بووە 57 کورسی (واتە، ڕێژەی کورسی براوە کەمی کرد بۆ ١٧.٥٪). لە ساڵی 2014وە لە کۆی 328 کورسی، کورد 61 کورسی مسۆگەر کردووە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە زیادی کرد بۆ ١٨.٥٪). لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا، کورد لە ٣٢٩ کورسی، ٥٦ کورسی بەدەستهێناوە (واتە ڕێژەکە ئەمجارە کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ١٧٪). لە دوایین هەڵبژاردندا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ژمارەی کورسی کوردستانییان زیادی کرد بۆ ٥٨ کورسی (واتە ڕێژەکە زیادی کرد بۆ ١٧.٥٪). بەگشتی، ئەم زانیارییانە پێمان دەڵێن کە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانی کوردستانییان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە نەبێت کە کورد لە بچووکردنەوەی بازنەدا لە عێراق وەک یەک بازنە بۆ هەر پارێزگایەک یەک بازنە زەرەرمەند بووە و ڕێژەی کورسییەکانی لە ٢١٪ وە بۆ ١٧-١٨٪ دابەزیوە.

بەڵام، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگا عەرەبنشینەکان بە بەراورد بە پارێزگا کوردنشینەکان زۆر زیاد دەکات، ئەوە لێرە بەدواوە ڕێژەی کورسییەکانی کوردستانییان ئەگەری هەیە دابەزێت بۆ کەمتر لە ١٥٪. ترسە گەورەکەش ئەوەیە کە بەپێی دەستووری عێراقی دەبێت بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس نوێنەرێک هەبێت لە پەرلەمان، بۆیە ژمارەی کورسییەکانیش زیاد دەکرێت، لە ٣٢٩ وە بۆ نزیکەی ٤٦٠ کورسی، ئەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٦ ملیۆن. ئەوکات، لەبەر ئەوەی کە ژمارەی کورد بە بەراورد بە عەرەب کەمی کردووە نەک زیاد، ئەوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتەوە زۆر کەمتر دەبێت، بەمەش هێندەی دیکە پێگەی کوردستانییان لە عێراق-دا لاواز دەبێت.

بەڵام ئەوەی من زەندەقم لێی چووە، ئەوەیە کە تا ئەو ڕادەیەی من ئاگادارم، ئەوانەی پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەکەن، ھەموویان پێیان وایە لە ساڵی ٢٠٥٠دا، ژمارەی دانیشتوانی عێراق خۆی لە ٨٠ ملیۆن دەدات. لەو ڕێژەیە بەپێی ڕێژەی منداڵبوون لە نێو کورد و عەرەبدا، پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی کورد بۆ ٧٪ لە عێراق دابەزێت. ئەوەش پێگەی کورد نەک لاواز دەکات بەڵکوو هەر نایهێڵێت.

ئەم پێشهاتانە پێویستی بە قسەی زۆر و بیرکردنەوەی گەورە و ستراتیجیی ھەیە. بەڵام من یەک شت دەزانم و دەڵێم؛ ئێمە وەک کوردستانییان ھیچ چارەسەرێکمان نییە لە عێراق بێجگە لە جیابوونەوە، سەربەخۆیی، ئەگینا بە ٢٥ ساڵی دیکە کورد لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش دەبێت بە کەمینە. بەکورتی، کورد یان خنکان یان جیابوونەوەی لە پێشە. خۆ ئەگەر سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا زەحمەت، یان ئەگەرەکانی کەم بێت، ئەوە دەبێت کوردستانییان دوو شت بکەن، دەوڵەتئاسایەک لە ناو عێراق-دا بۆ کوردستانییان دروست بکەن، واتە هەرێم ببێت بە قەوارەیەک هاوشێوەی هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا، تاوەکوو وەک ئەوان سیاسەتی خۆپاراستن لە هەڕەشە و ترس و هەژموونی هەرێمە ئینگلیزیزمانەکان پەیڕەو بکەن. هاوشێوەی کیوبێک، کوردستانیان دەبێت سیاسەتی پاراستنی زمان، سنووری هەرێم (دوای گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان)، کولتوور، مێژوو، دابونەریتی خۆیان بپارێزن، ئەگینا لەناودەچن.

بەکورتی، هەرێمی کوردستان یان دەبێت سەروەر و سەربەخۆ و ئازاد بێت یان سیاسەتی بەکیوبێککردنی کوردستان لە عێراق پەیڕەو بکات.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار