خۆری سوریا لە ئاوابووندایە و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەڵوەشانەوەی هیلالی شیعی

خۆری سووریا لە ئاوابووندایە

4 ڕۆژ لەمەوپێش



سات بە سات سوریا لە کەوتن نزیک دەبێتەوە و بە ڕای چاودێرانیش ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی سوریا و کۆنترۆڵکردنی سێ شاری گەورەی ئەو وڵاتە لەلایەن چەکدارەکانی دەستەی تەحریر شام لەماوەی تەنها ١٠ رۆژدا، سەرەتای کۆتاییهاتنی هیلالی شیعی دەستی پێکرد بە تایبەت دوای کۆنترۆڵکردنی شاری دێرەزوور لە لایەن هێزەکانی سوپای سوریای دیموکراتەوە، بەو جۆرەش دەروازەی ئەلبوکەمال کەوتۆتە دەست هێزە کوردییەکان، بۆ لەمەودوا ئێران ناتوانێت لە رێی وشکانیەوە نە میلیشیا شیعەکانی عێراق نە سوپای پاسداران رەوانەی سوریا بکات بۆ بەهاناوەچوونی رژێمی بەشار ئەسەد.

لە ئێستادا نەخشەی سوریا کە لە (14) پارێزگا پێکهاتووە بەم جۆرەی لێهاتووە:

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە ناوچەی دەسەڵاتارێتی كوردە، زیاتر لە (40%)ی خاكی سوریای لەژێر دەستدایە و پارێزگاكانی (حەسەكە، رەقە، دێرەزوور) دەگرێتەوە.

گروپە چەكدارە توندڕەوەکانی سوریا بەتایبەت دەستەی(تەحریر شام) لە ئێستادا  پارێزگاكانی (حەلەب، ئیدلیب، حەمما)یان لەژێر دەستدایە، کەدەكاتە (20%)ی خاكی سوریا.

ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی(بەشار ئەسەد) كە رۆژ بەرۆژ ناوچەی زیاتر لەدەستدەدات بریتییە لە (8) پارێزگا ئەوانیش ( دیمەشق، ریفی دیمەشق، حمس، لازقیە، تەرتوس، دەرعا، قونەیتەرە، سوەیدا) كە دەكاتە رێژەی (40%)ی تەواوی خاكی سوریا.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵیش هێرشی چەکدارانی بەرەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حمس دەستی پێکردووە دوای ئەوەی پارێزگای دەرعای کۆنترۆڵ کرد، کە ناوچەیەکی ستراتیجیە و بە کۆنترۆڵکردنی، دیمەشقی پایتەخت لە زۆربەی پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی دادەبڕێت.

بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەشەوە زۆرینەی وڵاتان بە تایبەت عێراق و روسیا و ئەمریکا و تەنانەت ئێرانیش داوایان لە هاوڵاتیەکانیان کردووە ئەو وڵاتە جێبهێڵن، تاران نەک بە تەنها هاوڵاتیەکانی بەڵکو ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازیەکانی سوپای پاسدارانیشی کشاندۆتەوە.

 سەرکردە شیعەکانی عێراقیش دوای ئەوەی دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی سوریا رەتکردۆتەوە، دۆسیەی سوریایان بۆ حکومەتی عێراق جێهێشتووە، بەهۆی بێ متمانەییان بە تواناکانی ئێران لە پاراستنی سوریا و بەرگرتن لە روخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد.

هەرچی تورکیاشە هاوکاری تەواوی هێزەکانی دەستەی تەحریر شام دەکات کە پێشتر بە بەرەی نوسرە ناسرا بوو، ئەم بەرەیەش لە لیستی تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدایە لەو بارەیەوە هۆشداری بە  ئەنکەرە دراوە لە هەوڵەکانی بۆ تێکدانی زیاتری بارودۆخی سوریا.

لای خۆیەوە دیبلۆماتێکی پێشووی روسیا دەڵێت هاوکارییەکانی تورکیا بۆ دەستەی تەحریر شام بە زیانی خۆی دەشکێتەوە و یەکێتی خاکی تورکیا رووبەرووی مەترسی گەورە دەبێتەوە.

ڤیتسشلاڤ ماتوزۆڤ ئەکادیمی و دیبلۆماتکاری پێشووی روسی رایگەیاند: لە ئێستادا هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا هیچ بەرهەمێکی نابێت و  هاوکاریەکانی تورکیاش بۆ دەستەی تەحریر شام لە دژی بەرژەوەندیەکانی تورکیایە و پێشی وایە پرۆژەیەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە ئارادایە، تورکیاش بە هاوکارییەکانی بۆ ئەو چەکدارە تیرۆریستانە هاوکار دەبێت بۆ دابەشبوونی تورکیا.

روداوە خێرا و چاوەرواننەکراوەکانی سوریا دۆخێکی نوێی خوڵقادووە، تا ئێستاش بە ڕای چاودێران بارودۆخەکە بە جۆرێکە  لە بەرژەوەندی پێکهاتەی کوردی سوریایە و هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە وێڕای پاراستنی ناوچە کوردییەکان سنوری دەسەڵاتی خۆشیان فراوان بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار