ئایندەی کورد لە سوریای نوێدا
کارمەند محسین بایز
12 كاتژمێر لەمەوپێش
کارمەند محسین بایز
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەی کە لە ئەنجامی ئەو ڕاپەڕینەدا لە سووریادا بەدی هاتن، کوردەکان توانیان بە خوێن و هێزی خۆیان و بە هاوبەشی و پشتیوانیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە لایەنە کوردیەکانی تر لە باشووری کوردستاندا قەوارەیەکی خۆسەری دیموکرات لە بەشی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا بنیات بنێن. دەرەنجام بە خەباتی زیاد لە ١٠ ساڵ قوربانیدان توانیان ناوچەیەکی خۆسەری ئارام بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هێزێک لە ژێر ئەجندای وڵاتێکی دراوسێی سووریا بە ناوی بەرەی ڕزگاری شامەوە بە سەرپەرشتی داواکراوێکی نێودەوڵەتی بە ناوی "احمد شەرع" توانیان کۆتایی بە دەسەڵاتی چەندین ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریادا بهێنن و دوا بزمار لە تابووتی بەعس لە سووریادا بدەن. لە ڕاستیدا، بەرەی ڕزگارکردنی شام لە سوریادا خۆیان بە خانەخوێ لە سووریادا و کورد و نەتەوە و مەزهەبەکانی تر وەک میوان و نەتەوەیەکی بچووک سەیر دەکەن؛ کە ئەمە کێشە سەرەکیەکەیە. بە جۆرێک لە ناوچەکانی ژێر فەرمانڕەوایی خۆیاندا ڕەفتاری زۆر خراپ و نەشیاو بەرامبەر ئەو کەسانە دەکەن کە وابەستەی خۆیان نین یاخود لە گروپ و نەتەوە و مەزهەبی ترن.
دەیانەوێت فشار بکەنە سەر کوردەکان بەمەبەستی چەککردنیان و تێکەڵکردنیان و تواندنەوەیان لە سوپای سوریای نوێدا بە شێوەی تاک، نەوەک ببن بە بەشێک لە ھێزی سوریای نوێ بە شێوەیەکی گشتی. دەیانەوێت کورد دەستبەرداری ئیدارەی خۆسەری خۆی ببێت و ببێت بە بەشێک لەم سوریا تازەیە کە ئەمەش لە لایەن هەم کوردەکان هەم پشتیوانەکانی کوردەکانەوە مایەی قبووڵ نیە. ئەوەی هەیە تا ئێرە سوریا دەستووری نییە تاکو ماف و ئەرکەکانی هەموو نەتەوە و ئاین و ڕەنگەکانی تیادا زامن بکرێت، ئەوەی هەیە قسەی احمد شەرعە کە بە فەرمی حساب ناکرێت.
ئەوەی کە گرنگە ئایندەی کوردە لەم ناوچەیە
دڵخۆشکەرانە، سەرجەم پشتگیری کوردەکان پشتگیری نێودەوڵەتین، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی ئەو ناوچانە دەبێت. مێژوو پێمان دەڵێت گەر پشتیوانی نێودەوڵەتی نەبوایە بە تایبەت ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ دا، شتێک نەدەبوو لە باشووری کوردستاندا بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستاش دەکرێت بڵێین هەمان سیناریۆ بۆ سووریا ڕاستە. لە ئێستادا ئەمریکیەکان دەیانەوێت کوردەکان یەک هەڵوێست و یەک گوتار بن؛ چونکە کورد یەکێکە لە دۆستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کە دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت. لە لایەکی تریشەوە، جیۆپۆلەتیکی ڕۆژئاوا زۆر گرنگە چونکە بریتیە لە بەستنەوەی هەریەک لە وڵاتانی سوریا، تورکیا، عێراق و بە دیفاکتۆ ئەو ناوچەیەی کە کوردەکان ئیدارەی خۆیانی تیادا دەکەن لە دوای شەڕی داعشەوە بریتیە لە ناوچەیەکی ستراتیژی یەکجار گرنگ بە هۆی بوونی سامانێکی زۆری سروشتی ژێر زەوی لە نەوت و غاز لە ناوچەکانی دێرەزوور و حەسەکە و کشتوکاڵێکی زۆر بە تایبەت گەنم. ئەمەش لە راستیدا توانایەکی زۆری بە ئیدارەی خۆسەر بەخشیوە و واشیکردوە کە وڵاتان نەتوانن دەست لە هاوکاری و پشتیوانی کوردەکان هەڵبگرن بە تایبەت ئەمریکا کە ئەمرکیەکان لە ڕابردووەوە تا ئێستا پشتگیری کوردیان کردووە لە ڕووی سەربازی و داراییەوە.
بوونی ئیدارەیەک لە ڕووئیای دەوڵەت نەتەوەدا وایکردووە کە عەرەبەکان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان ئازاد و سەربەستبن کە تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا بەشدارن لە حکومکردنی ناوچەکانی خۆیاندا، ئەمەش وایکردوە کە هاوکار و هەمانهەنگ بن بۆ ئیدارەی خۆسەری. تایبەتمەندیەکی تر بۆ ڕۆژاڤا، گرنگی و پێگەی ژنە لەم ئیدارە خۆسەرییەدا کە لە کاتێکدا سەرۆکی ئێستای سوریا ئامادە نیە تەوقە لەگەڵ ژنێکدا بکات، بەڵام لە ئیدارەی خۆسەردا ژن شەرڤانە، دایکە، بەڕێوەبەرە و بە شێوەیەکی گشتی ھیچ جیاوازیەکی جێندەری لەم ئیدارەیەدا نیە، کە ئەمەش ڕووی ئەوانی لە تەواوی جیھاندا سپی کردووە. ھەر چی سەبارەت بەئایندەی کوردەکانە ئەوەیە کە کوردەکان داوای لامەرکەزی ئیداری دەکەن نەوەک فیدڕاڵی کە ئەمەش مانای ئەوەیە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بە هەبوونی لامەرکەزیەت ناتوان ھەڵبژاردنی خۆیان بکەن و ببن بە خاوەنی پەرلەمان و حکومەتی تایبەت بە خۆیان. ناشتوانن دەستووری تایبەت بە خۆیان بنووسن و نوێنەرایەتی و نوسینگەی تایبەتیان لە وڵاتانی تردا هەبێت و دەبێت سەرجەم ئەرک و فرمانیان لە چوارچێوەی فەرمیی حوکمی سوریادا بێت.
تا ئێستا دیار نیە ئەم سوریایە بەرەو چ کەنارێک دەڕوات، چونکە ئەگەری زۆری دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوە لە ئارادایە.
لە ڕاستیدا، یاریکەرە سەرەکیەکان لە سووریادا دەیانەوێت حکومەتێکی سەقامگیری یەکانگیری یەکپارچە لە سووریادا هەبێت بە ڕەچاوکردنی مافەکانی هەموو نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانەوە کە ئەمەش ئەستەمە لەم حکومەتەی ئێستا چاوەڕوان بکرێت، بۆیە ئەگەری هەڵوەشانەوە و لە ناوچوونی ئەم سستمەی ئێستا نزیکە بە ھۆکاری ئەوەی احمد شەرع لە دەستبەکاربوونی کابینەکەیدا نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە دانانی وەزیرەکان و ستافی کابینەکەیدا، چونکە سەرجەم وەزیر و کاربەدەستەکان خەڵکانی نزیک لە خۆی بوون لە ڕووی بیر و باوەڕ و مەبادیئەوە، واتە خەڵکانی لیبڕاڵ و تەکنۆکرات نین لە هەموو لایەنە سیاسی و نەتەوە جیاوازەکانی سوریا پێکهاتبن، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر حکومەتەکەی دروست کردووە لەلایەن نەتەوەکانی ترەوە. بۆیە دوور نیە گەر بەرەی ڕزگاری شام لەسەر هەمان ڕێچکەی ئێستای حکومکرنیان بەردەوام بن بەم عەقڵیەتە ئیسلامییە سونییە توندڕەوەوە، ئەوا سوریا بەرەو هەڵوەشانەوە و پارچە پارچە بوون دەڕوات. کە لە ڕاستیشدا ئەمە خواست و ویستی خەڵکی سووری نیە، چونکە گەلی سووریا بە شێوەیەکی سروشتی گەلێکی ئاشتیخواز و دوور لە سیاسەت و کاسبن، تەنانەت ڕێژەیەکی یەکجار کەمیشیان مووچە خۆری حکومەتن. لە ڕاستیدا شەرع ئەگەری سەرنەکەوتنی زۆرە بە هۆکاری ئەوەی لە ژێر کاریگەری عەقڵیەتێکی توندی ئسلامی سیاسیدایە کە ئەمە بۆ خۆرئاوا جێگەی قبووڵ نیە، ناشتوانێت بەم عەقڵیەتەوە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ نەتەوە و ئاینزاکانی تر فەراهەم بکات بە تایبەت بەرامبەر عەلەویەکانی سوریا کە ئەمە وا دەکات دەرگا بە ڕووی ئێراندا بکاتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر دەستوەردان بکاتەوە لە کاروباری سووریادا، چونکە زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاوڵاتی سووری شیعە مەزهەب لەو وڵاتەدا دەژی.
لە کۆتاییدا، ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە بەهێزیی ئیدارەی خۆسەر و ڕۆژئاوایە؛ چونکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئاسایش و ئابوورییەوە بەهێزترین ناوچەیە لە تەواوی سووریادا. خاوەنی هێزێکی ڕاهێنراوی پڕ چەکی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووی ئەمریکین، کە بە بوونی سیاسەتێکی حەکیمانەی ورد و ئەو پشتیوانیەی کە خۆرئاوا، بە تایبەت ئەمریکا لەم ئیدارە خۆسەریەی دەکات، دەتوانرێت هەنگاوی باش بڕۆنە پێش و بتوانن پارێزگاری لەو سنوورە جوگرافیە بکەن کە لە ئێستادا تیایدا جێگیرن. هەر بۆیە زۆر پێویستە و دەبێت قەندیل جیا بکرێتەوە لە ڕۆژئاوا. چونکە هەتا ئێستا پە.کە.کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و بەوە ناوزەد دەکرێت کە هێزێکی پرۆکسی ئێرانە، ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی هەم بۆ تورکیا هەم بۆ خۆرئاوا قبووڵکراو نییە. بۆیە دەبێت بە ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بڕیاری ڕاست و دروست و واقعی و پێویست بدرێت ئەگەرنا ڕۆژی ڕۆژئاوا بە یەکجاری ئاوا دەبێت.