عومەر گوڵپى: لەپارەى مانگی ١٢ مووچەی مانگی یەک دابەش کراوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کراوە.
عومەر گوڵپى کاندیدى دەرچووى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى، لە پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک وێنەو نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت دیقەتی وێنەکە بدەن، لەو پارانەی عێراق بۆ مووچەی مانگی دوانزە ناردبووی، ئەمڕۆ مووچەی مانگی یەک دابەش کرا.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەوە وێنەی گونیەیەک پارەی بانکی ناوەندی عێراقە لە جۆری (٢٥،٠٠٠) دیناری کە لە بەرواری (١٥ی ١٢ی ٢٠٢٤) نێردراوە بۆ مووچەی مانگی ١٢، بە نرخترین شت بۆ حکومڕانی “ڕەوشت”ە.
لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا عومەر گوڵپى ئەوەش دەخاتەڕوو دەڵێت، ئێمە ڕاستییەکان دەڵێین بێجگە کۆیلەکان کە پەلامارمان دەدەن، جاری وا هەیە خەڵکی ساویلکەش دژمان قسە دەکات، لە بری ئەوەی ئەوانیش ببنە بەشێک لە فشار لەسەر گەندەڵەکان تا قوتی منداڵەکانیان وەرگرنەوە.
عومەر گوڵپى جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە لە بەغداوە (٤٤١ ملیار) دیناریان بۆ مووچەی مانگی دوانزە هاتووە، داهاتی نۆ مانگی ڕابردووی ناوخۆیان لەبەردەستەو بۆ بەغدایان نەناردووە، یەک دینار داهاتی نەوتیش دیار نییە، کەچی دەیانەوێت مووچەی مانگی دوانزە نەدەن.
وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم لەئەمڕۆ چوار شەممەوە، دەستى بەدابەشکردنى مووچەى مانگى یەک کردووەو بەچوار ڕۆژ مووچەى سەرجەم وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتیەکان تەواو دەکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ٥ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە بە خانەنشینانی شارستانی دەستپێدەکات و ڕۆژی دووشەممە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٥، دابەشکردنی مووچە کۆتایی دێت.