سلێمانی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئـ.ـۆجالان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی شەرمەزار کرد
.png)
4 ڕۆژ لەمەوپێش
کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باشووری کوردستان پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شووباتی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند، کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت، چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، دژی پێلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئاپۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
بەیاننامەی کۆمیتەکە لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و وێرای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ـی شەرمەزارکردووە و ڕایگەیاندووە، هاوڵاتییانی کوردستان، هاونیشتیمانیانی ئازیز، وا پێ دەنێینە ٢٧ـەم ساڵی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوامی ئەم قۆناغە نا مرۆڤانەیە دوورە لە هەرچی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆییەکانی تورکیا و جیهان، لەبەر ئەوە به ڕۆحی ئیرادەی ئیمڕاڵی و بەرخۆدانی گەلەکەمان سەرکەوتن بەدەستدەهێنین.
ئاماژە بەوەشدراوە، سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری بە شێوازاێکی توند و بەردەوام درێژەی هەیە، ئەمەش مانای وایە گەورەترین شەڕ لە ئیمرالییە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان شکستی خواردووە و لەبەردەم دەرگای ئیمڕاڵی داوای ئاشتی ئەکات، کەواتە ئەم پرسە ئەگەر سیناریۆش بێت، ئەوا ڕوونە فاشیزم بێچارەیە، ئۆجالان بە هێز و کەسی یەکەمی چارەسەری ئەبینێت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان ڕێگای ئاشتی تەنها لە تورکیا بە گرنگ نابینێت، بەڵکو پێیوایە جگە لە ئاشتی و بە دیموکراتیکردنی کۆی ئەو وڵاتانەی کوردستانی تێدا دابەش کراوە چارەی تریان نییە لە ئاشتی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی زیاتر، چونکە تاکە پارێزێکی ئەو قەوارانە ملدانە بۆ ماف و ئازادیی و دیموکراسی، ملدانە بۆ بە یاسایی کردنی چارەسەری و دورکەوتنەوە لە هەڵخەڵەتاندن و دوو ڕوویی.
کۆمیتەکە دەشڵێت: ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باکووری کوردستان ڕێکخستنێکی جەماوەری کۆمەڵایەتی دەرخستووە، کە دەوڵەتی تورکیای بێچارە هێشتووەتەوە، پەیمانی یەکڕیزی و متمانە بە ڕێبەرەکەی بەو پەڕی مۆڕاڵەوە گرێداوە، لەم ڕووەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “زەمینە هەبێت لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە دۆخەکە لە شەڕەوە دەگۆڕم بۆ ئاشتی بە شێوازی یاسایی و سیاسی، کەواتە ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێو تورکیا و ناوچەکەیە بەگشتییە، لەو ڕوانگەیەوە کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان بە پێویستی دۆخەکەی دەبینێت و بە زووترین کات ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان پێکبهێندرێت چونکە بنەمای سەرەکی چارەسەرییە بۆ کۆی پرسە کەڵەکەبووەکانی گەلانی ناوچەکە.

