ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى بافڵ تاڵەبانی و شاندى ئیمرالى ڕاگەیەندرا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بافڵ جەلال تاڵەبانی، ڕایدەگەیەنێت  پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت، هەروەها دەشڵێت  تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت.
ماوەى سێ ڕۆژە شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە بە "شاندی ئیمراڵی" ناسراون، گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى کۆبونەوە.
شاندەکە پێکهاتوون لە ئەندامانی دەم پارتی، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، هەروەها هاوسەرۆکی دەبەپە ئۆزگور ئەرۆڵ و پەرلەمانتاران گوڵجان کاچماڵس و مەهمەت کاماچ.

ئەمرۆ سێ شەممە شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەشێک لەئەندامانى مەکتەبى سیاسى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوە، دواتر شاندەکە ڕایانگەیاند هەمووان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن و "پێویستە گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دڵخۆش بن."
لەڕاگەیەندراوێکدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوەڕۆک و تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ شاندى ئیمرالى ڕاگەیاندووە.

دەقى ڕاگەیەندراوەکە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆکایەتیی خاتوو پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوو، وەفدی ئیمراڵی سڵاو رێز و پەیامی بەڕێز (عەبدوڵا ئۆجەلان)یان گەیاندە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان روونکردەوە.

لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان بیروبۆچوونی خۆی و ستراتیژیی یەکێتی لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی لە تورکیا بە راشکاوانە خستەڕوو و رایگەیاند، پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) سەرۆک مام جەلال داینا.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونیکردەوە، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی. هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی. 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار