عێراق: شاندێکمان لە کوردستانە بۆ ئەوەی ڕێکبکەون چۆن نەوتى هەرێم وەربگرین

2 ڕۆژ لەمەوپێش




حه‌یان عەبدولغەنی سەواد، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەى لە هەرێمى کوردستانن، بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزیری نەوت، وتى: بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکەن بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم.

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پەیوەندییان بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کەمال محەمەد ساڵحەوە کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکە سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەو هەنگاوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کرد، جگە لەوەی ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئامادەکردنی هێڵی عێراقی- تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.

وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد.
لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 دا تورکیا هەناردەکردنی نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە تورکیا کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێی تورکیاوە بەبێ مۆڵەت لە ساڵانی نێوان 2014 و 2018 دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار