وەزیری دارایی چەند بڕیارێک بۆ زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان دەردەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەمەبەستى زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان، وەزیری دارایی چەند بڕیارێک دەردەکات کە بریتین لە چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان، دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بەیاوەری شاندێکی وەزارەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی کرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکانی کۆڵیەوە.
لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیەکە بەڕێز وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان کردەوە و چەند بڕیارێکی پێویستی لەوبارەیەوە دەرکرد کە بریتی بوون لە.
١- چالاککرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلکترۆنی کاروباری خانەنشینان و دابینکردنی پێداویستیەکانی لەماوەیەکی کورتدا.
٢- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین لە سەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچکەکان.
٣- ڕەوانەکردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشین بەپێی پێویست تا کاتی تەواو بوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی گوێبیستی کێشە و داواکاریەکانی بەرپرسانی خانەنشین بوو، بڕیاریدا سەرجەم پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات و لەکۆتایشدا داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشین کرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێت و ماف و شایستەکانیان پێ بدرێت.

