ئەمساڵ لە تورکیا کحولی ساختە 124 کەسى کوشتووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردەوە لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنکەرە و ئیستەنبوڵ لانیکەم 124 کەس دوای خواردنەوەی کحولی ساختەی نایاسایی گیانییان لە دەستداوە، دەیان کەسی دیکەش لە چاودێری ورددان.
ئاژانسەکە، ئەوەشى خستوەتەڕوو نزیکەی 54 کەس لە ئەنکەرە گیانییان لە دەستداوە، 40 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانەن و دۆخییان زۆر خراپە، هەر لەم مانگەدا 70 کەسی دیکە لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستداوە.
ئەو جۆرە ژەهراویبوونانە لە تورکیا باوە، کە لەوێ دروستکردنی کحول بە نهێنی و بە شێوەیەکی نایاسایی و کحولی نایاسایی زۆر بەرفراوانە و ئەو جۆرە کحولانە زۆرجار بە میثانۆڵ پیسکراون، میثانۆڵ ماددەیەکی ژەهراوییە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کوێری و زیانگەیاندن بە جگەر و مردن.
ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ئەنکەرە 28 کەسی دەستگیرکردووە کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو کحولە ساختەیەوە هەبووە، ئەنادۆڵۆ وتی جگە لە سێ کەسییان ئەوانی دیکە بە مەرج ئازاد کراون.
لە 7 ی مانگی دوودا فەرمانڕەوای ئەنکەرە وتی 33 کەس بەهۆی ئەو کحولەوە گیانییان لە دەستداوە و 20 کەسی دیکە لە نەخۆشخانە لە یەکەی چاودێری ورددان.، دواتر وتەبێژەکەی وتی ئەو ژمارەیە " لە سەرەتای ساڵەوە بووە." بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر بارودۆخییان.
مانگی ڕابردوو لە ماوەی چوار ڕۆژدا 38 کەس لە ئیستەنبوڵ گیانییان لە دەستدا دوای ئەوەی کحولی ساختەیان خواردبووەوە.
لە ژێر سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، باج لەسەر کحول لە تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بوتڵێکی بچووکی ڕاکی، کە خواردنەوەی خوازیاری تورکیاییەکانە، لە مارکێتەکاندا بە 37 دۆلار دەفرۆشرێت، ئەوەش نرخێکی زۆرە بۆ وڵاتێک کە تەنها لەمدواییانەدا کەمترین موچەی مانگانە تێیدا گەیشتە 600 دۆلار.
ڕەخنەگران دەڵیت گرانی کحول وایکردووە بەرهەمهێنانی کحولی ساختە زیاد ببێت.

