مەسرور بارزانى: پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا بۆکۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی، هەروەها دووپاتیکردەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ماڵپەرى حکومەتى هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە 2/19 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد.
شاندەکە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى حکومەت، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستە ڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانییان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند.
شاندی ئیمرالی رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

