لەسەرەتاوە هەرێم ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل هەنار دەدەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە ئەمڕۆوە کۆبوونەوەى شاندى وەزارەتى نەوتی عێراق و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان دەستپیدەکات، بەمەبەستى چۆنیێتی دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕیارە سەرەتا لە 100 هەزار بەرمیلەوە دەستپێبکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
شەوى ڕابردوو حهیان عەبدولغەنی سەواد، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەى لە هەرێمى کوردستانن، بەمەبەستى ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
بەپێى زانیارییەکان شاندەکەى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە تەکنیکین و لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان بۆ تاوتوێکردنى رێکارە کردارییەکانە بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە.
سەرەتا بڕى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل دەبێت لە رۆژێکدا و دواتر بڕەکەى زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
دیاریکردنى 300 هەزار بەرمیل لەبەرئەوەیە کە وەزارەتى نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بەهۆى سنووردارکردنى هەناردەى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە، ناتوانن لەو بڕە زیاتر نەوت لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.
بەگوێرەى رێککەوتنى وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بۆ جێگیرکردنى نرخى نەوت، پشکى رێگەپێدراوى عێراق بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا، چوار ملیۆن بەرمیلە و نزیکەى 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکە لە ناوخۆدا بەکاردەهێنێت.
دوێنێ سێ شەممە، وەزیری نەوتى عێراق، وتى: بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەشی یاسایی و ئابووری و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) سەردانی هەولێر دەکەن بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوتی هەرێم.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو پەیوەندییان بە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کەمال محەمەد ساڵحەوە کردووە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندەکە سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
ناوبراو دووپاتی کردەوە، لەسەرەتای ئەم مانگە، ئەو هەنگاوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) کرد، جگە لەوەی ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ ئامادەکردنی هێڵی عێراقی- تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وەزیری نەوتی عێراق دووشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش دوابەدوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی دوو ساڵەییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد.

