تورکیا: هیچمان پێنەگەیشتوە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ئاژانسى ڕۆیتەرز، بڵاویکردەوە ئاڵپ ئەرسڵان بەیرەقدار، وەزیری وزەی تورکیا ڕاگەیاند هەتا ئێستا تورکیا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیاوە بەدەست نەگەیشتووە.
وەزیری نەوتی عێراق ڕۆژی دووشەممەى پێشوو، ڕایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و ئەمەش ناکۆکییەکی نزیک لە دوو ساڵەی عێراق یەکلایی دەکاتەوە کە بەهۆی گرژی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەناردەکردنی نەوتی خاوی پەکخستووە.

پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشارەکانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە کە وەستانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و دواکەوتنی مووچەی کرێکاران و بڕینی خزمەتگوزارییە پێویستییەکانی لێکەوتوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ڕۆیتەرز لە پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بەوەی کە چ کاتێک ڕۆیشتنی نەوتی عێراق دەست پێدەکات و ئایا هیچ زانیارییەک لە عێراقەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە، بایراکتار لە وەڵامدا وتی "هێشتا هیچ شتێک نییە."

ڕۆیشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە 2023 لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، دوای ئەوەی ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنکەرە کردبوو بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە، ئەمەش بە هۆی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
رۆژی دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی ناوەندی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، شاندێکی وەزارەت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دانوستان لەسەر میکانیزمێک بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و ئاماژەی بەوەشکرد "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لەماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە".

عەبدولغەنی ڕاشیگەیاند بڕیارە بەغدا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە هەرێم وەربگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار