پارێزگاری سلێمانی: ئەو بانکەی دەکرێتەوە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بازرگانی دەبێت

دوێنێ



پارێزگاری سلێمانی، ڕاگەیاند  ئەو بانکەی ئەمڕۆ دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە. ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەرۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
ئەم وتانەى پارێزگارى سلێمانى، لە کاتێکدا چەند میدیایەکی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەمڕۆ  هەریەک لە بانکە مەرکەزییەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بە مەبەستی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی "سنوری سەوز" لقی فەرمیان لە شاری سلێمانی دەکەنەوە.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: هەموو بانکەکان و بۆرسەکان وە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بە پێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون."
بەشێک لە "مامۆستایانی ناڕازی" کە لە ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە و داوایان کردووە مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بدرێت، ڕایانگەیاند، پێشوازی دەکەن لە کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە مەرکەزییەکە وەک هەنگاوێک بۆ "تەوتینی" مووچەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە.

پرسی "تەوتین" یان بەنیشتیمانیکردن کە داواکاری بەشێک لە مووچەخۆرانی سنوری یەکێتیە، بەهۆی بەردەوامی دواکەوتنی مووچەوە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم سەری هەڵداوە.
پرسەکە بۆتە بەشێک لە ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی، بەو پێیەی یەکێتی لە بانگەشەی ساڵی ڕابردووی هەڵبژاردنی هەرێـمدا وەک پشتگیر و پاڵپشتیکاری ئەم پرسە جەختی دەکردەوە. هەرچی پارتییە دژایەتی خۆی بۆ ئەم بابەتە ڕاگەیاندووە و هەوڵی سەرخستنی پرۆژەی "هەژماری من" دەدات کە لەلایەن کابینەی مەسرور بارزانییەوە پێشکەشکراوە.

هەرچەندە هەتا ئێستا ڕوون نییە "هەژماری من" دەچێتە خانەی تەوتینەوە، بەڵام کڕۆکی ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەکو ساڵانی ڕابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت یان ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا.
نەیارانی ڕادەستکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەڵێن هەوڵەکە بۆ لاوازکردن و سڕکردنی حکومەتی هەرێم و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بەڵامی لایەنگرانی پرسەکە دەڵێن پرۆسەی دواکەوتنی مووچە چەندین ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی ئازاردانی بێئەندازەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 بڕیاری دا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان "تەوتین" بكرێت، بەڵام پرۆسەکە هەتا ئێستا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

ڕۆژى 18ی مانگی دووی 2025 دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی سەرۆککۆمار بڕیاریدا تەوتینى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت بەو شێوەیەی کە فەرمانبەران دەیانەوێت و "بتوانن بانکەکانیان هەڵبژێرن." دادگاکە هەروەها داوای کرد حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە هەماهەنگی بکەن.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات ڕۆژی 9ی مانگی دووی 2025، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆککۆمار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایی یاسایی لەسەر محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی وەزیری دارایی تۆمارکردووە و داوادەکات حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار